وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: گرێبەستەکەی تۆتال رۆژانە 600 ملیۆن پێ سێجا گاز دابین دەکات

14-05-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن تۆتال
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، گرێبەستەکەیان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی بۆ وەبەرهێنان لە پێنج کێڵگەی نەوتی پارێزگای بەسرە، رۆژانە 600 ملیۆن پێ سێجا گاز دابین دەکات. 
 
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی یەکشەممە 14-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی چەندین گرێبەست لەخۆدەگرێت کە تایبەتن بە گاز و وەبەرهێنان لە پێنج کێڵگەی نەوتی پارێزگای بەسرە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی رۆژانە 600 ملیۆن پێ سێجا گاز بە دوو قۆناخ بەرهەمبهێندرێت؛ هەر قۆناخێک رۆژانە 300 ملیۆن پێ سێجایە.
 
بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای تۆتال، کۆمپانیای نەوتی بەسرە هاوبەش دەبێت لە قازانجی پرۆژەکەدا بە رێژەی 30٪؛ وەبەرهێنان لە گازی 5 کێڵگەی نەوت دەکرێت کە بریتین لە کێڵگەکانی: رۆژئاوای قورنە 2 ، مەجنوون، ئەرتاوی، لوحەیس و توبە. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، یەکێک لە سوودەکانی ئەو رێککەوتنە ئەوەیە؛ سووتانی گاز رادەگرێت و لە گازی سووتاوەوە دەیگۆڕێت بۆ گازی سوود لێوەرگیراو، ئەوەش "بۆ خزمەتگوزاری وێستگەکانی وزەی کارەبا، بەکارهێنانی لە هەموو پیشەسازییەکی پەیوەست بە گاز".  
 
عێراق خاوەنى 131 ترلیۆن پێ سێجار گازى سرووشتییە و بەو جۆرەش دوانزەیەمین وڵاتى جیهانە لە یەدەگی گازدا، بەڵام تاوەکو ئێستا وەبەرهێنان لەو کەرتەدا وەک پێویست نەکراوە. 
 
عاسم جیهاد دەڵێ، "کۆمپانیای گازی بەسرە وەبەرهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی دەکات، پلانی هەیە رۆژانە بەرهەمهێنانی گاز بگەیێنێتە 2000 ملیۆن پێ سێجا. ئێستا کۆمپانیاکە گەیشتووەتە نزیکەی 50٪ پلانەکەی کە رۆژانە 900 هەزار بۆ یەک ملیۆن پێ سێجایە؛ کۆتایی ئەم مانگە وێستگەیەکی وزە دەکرێتەوە کە وەک قۆناخی یەکەم، رۆژانە 200 ملیۆن پێ سێجا دابین دەکات و لە قۆناخی دووەمیشدا 200 ملیۆن پێ سێجا دابین دەکات". 
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق رۆژی 03-05-2023 راگەیاند، "گرێبەستی تۆتال، کە ئێمە پرۆژەی باشووری عێراقی تەواوکاری پێ دەڵێین؛ پرۆژەکە بریتیە لەوەی رۆژانە 210 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم بێت لەگەڵ وەبەرهێنانی 600 هەزار پێ سێجای رۆژانەی گاز، ئەمە وێڕای پرۆژەی بەکارهێنانی ئاوی دەریا لە کێڵگە نەوتییەکاندا". 
 
هەروەها بەشێکی بریتییە لە دامەزراندنی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر کە هەزار مێگاواتە".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە