هێرشی حووسییەکان نرخی نەوتی برێنتی گەیاندە سەرووی 71 دۆلار

رووداو - هەولێر

هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە نرخی نەوتی بە رێژەی لە 1% بەرزکردەوە.

ئەمڕۆ حووسییەکانی یەمەن، کە نزیکن لە ئێران دوو وێستگەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی سعودیەیان لە شارەکانی ئەلداودمی و عەفیف بۆردوومانکرد و لەکارکەوتن. بەڵام سعودیە جەختدەکاتەوە، سەرەڕای بە ئامانجکردنی دامەزراوە نەوتییەکان هەناردەکردنی نەوت بەردەوامدەبێت.

هێرشی حووسییەکان بووە هۆی بەرزکردنەوەی نەوت بە ڕێژەی لە 1%، بەجۆرێک بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت 70 دۆلار و 30 سەنت بوو، بەڵام دوای هێرشەکان بۆ گەیشتە 71 دۆلار و 30 سەنت.

بەپێی زانیاری میدیای فەرمی حووسییەکان، بۆردوومانەکەی بە حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدراوە. 

خالید فالح، وەزیری وزەی سعودیەش رایگەیاند "بەئامانجکردنی دامەزراوە نەوتییەکان کردەوەیەکی تیرۆریستی و تێکدەرانەیە. هێرشەکان بە ئامانجی راگرتنی هەناردەی نەوت بووە".

خالید فالح راشیگەیاندووە، بەرهەمهێناننی نەوت و هەناردەکردنی بەردەوامە بەڵام کۆمپانیای ئارامکۆ بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ ماوەیەکی کاتی لە یەکێک لە وێستگەکان راگرت، ئەوەش بەهۆی گڕگرتنی وێستگەکە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەکان.

باڵیۆزی ئەمریکا لە سعودییە داوا لە واشنتن دەکات وەڵامی هێرشی سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە نزیک سنوورە ئاوییەکانی ئیمارات بداتەوە.

جۆن ئەبی زەید لە ریاز بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "دەبێت بەدواداچوون بکەین و لەوە تێبگەین کە بۆچی ئەوە روویدا، دواتر بە جەنگێکی کورت و بەجێ وەڵامی ئەو هێرشانە بدەینەوە". 

رۆژی دووشەممەش وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاندبەە، چوار کەشتیی بازرگانی لە نزیک سنوورە ئاوییەکانی، رووبەڕووی کردەوەی تێکدەرانە بوونەتەوە و ئەوەشی بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار "ناوبرد.

دوێنێ دووشەممە 13-5-2019 وەزارەتی وزەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ھەرچەندە دوو کەشتی نەوتھەڵگری سعوودیە لە نزیک ئاوی ھەرێمی ئیمارات رووبەڕووی ھێرشێکی تێکدەرانە بوونەوە، بەڵام ئەوا کاریگەری ئەو ئاستەی ھەناردەکردنی نەوتی خاو دروست ناکات کە لە بازاڕەکاندا پێویستە.

ھەر دوێنێ دوای ئەوەی چین رایگەیاندبوو، بە 60 ملیار دۆلار گومرگ بەسەر کەلوپەلە ھاوردەکراوەکانی ئەمریکادا دەسەپێنێت، نرخی بەرمیلێکی برێنت گەیشتە سەرووی 70 دۆلار.