رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، لە مانگی ئاداردا سەرەڕای سزاکانی رۆژئاوا، هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵی رابردوودا بەرزبووەتەوە، بەڵام داهاتەکەی بەراورد بە ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رۆژی هەینی، 14.4.2023، رایگەیاند، لە مانگی ئاداردا کۆی هەناردەی نەوتی رووسیا 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 8.1 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
ئاژانسەکە دەشڵێت، لەکاتێکدا لە مانگی ئاداردا داهاتی نەوتی رووسیا بە بڕی 1 ملیار دۆلار زیادبووە و گەیشتووەتە 12.7 ملیار دۆلار، بەڵام هێشتا 43٪ کەمترە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو.
ئەو ئاژانسە باس لەوەش دەکات، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی هەناردەی نەوتی رووسیا زیادبوونی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانە، کە گەیشتووەتەوە ئاستی پێش کۆرۆنا و لە مانگی رابردوودا رووسیا هەناردەی ئەو بەرهەمانەی بە بڕی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادکردووە و ئێستا گەیشتووەتە 3.1 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
هەروەها هەناردەی نەوتی خاو بە بڕی 100 هەزار بەرمیل زیادبووە و گەیشتووەتە 5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، هیندستانیش لە مانگی ئاداردا شوێنی چینی گرتووەتەوە و بووەتە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی رووسیا لە مانگی ئاداردا.
لە مانگی شووباتی ساڵی رابردوودا رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، بەوهۆیەوە وڵاتانی رۆژئاوا زنجیرەیەک سزای ئابوورییان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، لەنێویشیدا دانانی نرخێکی دیاریکراو لەسەر نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان. لە بەرامبەردا، رووسیا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی بە بڕی 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ