بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی رادەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە سوودی بانکی رادەگەییێنێت، پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن رێژەی سوودی بانکی بەجێگیری بمێنێتەوە، کە 14%یە.
 
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی شەهاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە. 
 
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە لە کاژێر 14:00دا چوارەمین بڕیار لەبارەی رێژەی سوودی بانکی بۆ ئەمساڵ رادەگەیێنرێ. 
 
بەگوێرەی راپرسییەکی رۆیتەرز کە 18 شارەزای ئابووری تێیدا بەشداربوونە، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمجارەش رێژەی سوودی بانکی وەک خۆی بەجێگیری بهێڵێتەوە.  
 
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا لە سێیەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵیدا کە لە 17ی ئادار بەڕێوەچوو، بڕیاریدا بە دەستکارینەکردنی سوودی بانکی و بۆ سێیەمینجار لەسەر یەک سوودی بانکی لە رێژەی 14%دا بەجێگیری هێشتەوە. 
 
سوودی بانکی لە تورکیا لە سەرەتای ساڵی 2021دا 17% بوو. بانکی ناوەندیی تورکیا لە 18ی ئاداری 2021دا، سوودی بانکی لە 17% بۆ 19% بەرزکردەوە و دواتر لە پێنج کۆبوونەوەدا ئەو رێژەیەی جێگیرکرد. 
 
دواتر لە 23ی ئەیلولی 2021 رێژەی سوودی بانکی لە 19% بۆ 18% کەمکردەوە. لە 21ی تشرینی یەکەمی 2021، رێژەی سوودی بانکی بۆ 16% و لە 18ی تشرینی دووەمیشدا رێژەکەی لە 16%ەوە بۆ 15% کەمکرایەوە. 
 
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021 سوودی بانکی لە 15%ـەوە بۆ 14% کەمکردبووەوە، لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی دووەمی 2022 ـەوە تاوەکو ئێستا بۆ سێیجار لەسەر یەک سوودی بانکی لە رێژەی 14% بە جێگیری هیشتووەتەوە.