لیرەی تورکی داتەپینێکی نوێی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تۆمارکرد

14-03-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ کرانەوەی بازاڕە داراییەکان، لیرەی تورکی داتەپینێکی نوێی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوە بیانییەکانی دیکە تۆمارکرد و یەک دۆلار بە 32.12 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئاداری 2024، لەگەڵ کرانەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیا، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 32.10 لیرە مامەڵەی پێوەکرا؛ دواتر بۆ 32.12 لیرە بەرزبووەوە. هاوکات، یەک یۆرۆ بە 35.19 لیرە و یەک پاوەندی ئیستەرلینی بە 40.86 لیرە مامەڵەی پێوە کرا.
 
ناسەقامگیریی بەردەوامی لیرەی تورکی بەرامبەر دراوە بیانییەکان بەهۆی کاردانەوە بەردەوامەکانی راگەیاندنی رۆژی 4ـی ئاداری 2024، دەستەی ئاماری تورکیا دەگەڕێتەوە کە هەڵاوسانی ساڵانەی راگەیاند و بۆ 67.07٪ بەرزبووەتەوە.  
 
هەمان رۆژ گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) رایگەیاند، هەڵاوسانی ساڵانە لەو مانگەدا 121.98٪ بووە. 
 
دوای راگەیێندراوەکە، دۆخی بازاڕی ئابووری ناسەقامگیر بوو، بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان بە دابەزین، دەستیپێکرد. هەفتەیەکە کاردانەوە و کاریگەرییەکانی راگەیاندنی هەڵاوسان بەسەر لیرەی تورکی بەردەوامی هەیە. 
 
نزیکەی هەشت مانگە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بییانییەکانی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی قۆناخ بە قۆناخی هەڵاوسانی ئابووری وڵات و جێگیرکردنی سوودی بانکییەوە، لە دابەزیندایە. لیرەی تورکی لە هەشت مانگی رابردوودا نزیکەی ٪11.3ی بەهای خۆی لەدەستداوە. 
 
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمین جار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە. 
 
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2024 رێژەی سوودی بانکی لە 42.5٪ بۆ 45٪ بەرزکردەوە، بەڵام لە رۆژی 22ـی شوبات رێژەکەی لە 45٪ بە جێگیری هێشتیەوە. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی 2022 چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی 2023ـدا سوودی بانکی لە 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردبووەوە.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تمەنی ئێرانی.

گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە بەهای تمەنی بەرزکردەوە

ئێران و ئەمریکا گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی ناوبردووە و ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی تاران داناوە. ماڵپەری نەڤەسانی تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئێران دەڵێت، ئەمرۆ یەک دۆلار بە 83 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.