رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویجی کە لە چەند کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، راپۆرتی دارایی 2023ی بڵاوکردەوە. دی ئێن ئۆ رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا داهاتی کۆمپانیاکە 668 ملیۆن دۆلار بووە و پوختەی قازانجەکانی 218 ملیۆن دۆلار بووە.
بەپێی راپۆرتی دارایی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، پوختەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکەوە لە 2023دا رۆژانە 52 هەزار و 600 بەرمیل بووە. لەو بڕە 34 هەزار و 900 بەرمیلی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە. 14 هەزار و 200 بەرمیلیشی لە دەریای باکوور و 3 هەزار و 500 بەرمیلیشی لە رۆژئاوای ئەفریقا بەرهەمهاتووە.
لە راپۆرتەکەیدا کۆمپانیای دی ئێن ئۆ باس لە داهاتی ساڵی رابردووی بەرهەمی نەوتی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان دەکات و رایگەیاندووە، کۆی گشتیی داهاتی ئەو ساڵەی 253 ملیۆن دۆلار بووە، لەکاتێکدا داهاتی ساڵی 2022ـی کۆمپانیاکە لە کوردستان 820 ملیۆن دۆلار بووە.
لە راپۆرتی کۆمپانیاکەدا هاتووە، لە هەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پیشابوور تێکڕای رۆژانە 46،276 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لەو بڕەش 26،577 بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ بووە و 19،699 بەرمیل نەوتیش لە کێڵگەی پیشابوور بەرهەمهێندراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2022 تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پیشابوور رۆژانە 107.101 بەرمیل نەوت بووە، ئەوەش بەراورد بە ساڵی پێشتر بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و کۆمپانیاکە هۆکارەکەی بۆ بڕیارەکانی دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی گەڕاندووەتەوە.
لە "مۆڵەتی تاوکێ" دوو کێڵگەی نەوتی تاوکێ و کێڵگەی نەوتی پێشابوور هەن. لە کێڵگەی تاوکێ لە ساڵی 2007وە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە و لە ساڵی 2017 ـەشەوە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی پێشابوور کراوە.
کۆمپانیاکە دەڵێت، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی کۆتایی ساڵی 2023 بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی داهاتەکانی.
دی ئێن ئۆ دەڵێت، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ و پێشابووری کۆمپانیاکە کە لە مانگی سێی ساڵی 2023 وەستابوو بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، لە کۆتاییەکانی 2023دا بەرزبووەتەوە و بەو پێیەش ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بۆ تێکڕا 80 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ باس لەوە دەکات، ئەو نەوتەی کە بەرهەمهاتووە بەرمیلێک بە 30 دۆلار لە بازاڕی ناوخۆدا فرۆشراوە و پارەکەشی بە کاش وەرگیراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 4ـی ئەم مانگە، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان - ئەپیکور لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی لە کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ساڵیک لەمەوبەر کاتێک نەوت لە بۆریی عێراق-تورکیاوە دەڕۆیشت هەموو شتێک باش بوو. مانگانە ملیارێک دۆلار بۆ عێراق دەهات. پارە بۆ بودجە هەبوو. کەچی ئێستا دوای ساڵێک زیانەکە زیاد بووە، زیاتر لە 10 ملیار دۆلار لە دەست دراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ