راوێژکارى دارایی و ئابووریى سەرۆکوەزیرانی عێراق: پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەدا گەرەنتی کراوە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوجەى گشتیى عێراق "گەرەنتی کراوە" و سەرۆکوەزیران رژدە لەسەرى، دەشڵێت: "قەیرانى وزە لە جیهاندا هەیە، بەڵام ئەوەى بۆ عێراق باشە، هەناردەکارى وزەیە".
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنى لە بوڵتەنى ئابوورىی رووداو رایگەیاند: "چۆن سەرۆکوەزیران رژدە لەسەر بووژاندنەوەى عێراق، ئاواش رژدە لەسەر پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە، کە گەرەنتی کراوە".
رۆژی 13ـی ئاداری 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی بۆ ساڵانى 2023، 2024، 2025، پەسەند کرد، کە پشکى هەرێمى کوردستان لە هەر ساڵێکدا زیاتر لە 24 ترلیۆن دینارە.
مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەى بەوەدا، ئەوە یەکەمجارە گۆڕانکارییەکى لەو جۆرە لە پرسی دارایی عێراقدا بکرێت، کە پلانى دارایی بۆ سێ ساڵ بێت، گوتیشى: "ساڵانە بودجە لە یاساى کارگێڕى دارایی جێگیر کراوە، بەڵام ئەوە رێگر نییە لەوەى بودجەى 2023 بە شێوازێکى جیا دەربکرێت و هەر سێ بودجەکە پەیوەندییان پێکەوە دەبێت".
ساڵى 2022 عێراق یاسای بودجەى نەبوو، کارى بە سیستەمى خەرجکردنى یەک لەسەر 12ـى بودجەى خەرجکراوى ساڵى 2021 کرد.
راوێژکارەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق، هۆکارى دەرکردنى یەک پڕۆژەیاساى بودجە بۆ سێ ساڵ گەڕاندەوە بۆ پەسندنەکردنى یاساى بودجە بۆ ماوەى چەند ساڵێک، گوتیشى "ئامانجەکە زیاتر پڕۆژەکانى وەبەرهێنانە، بۆ ئەوەى بتوانرێت خەرجى بۆ ئەو پرۆژانە دابین بکرێت، کە زۆرترین پەککەوتنیان رووبەڕوو بووەتەوە، بەهۆى پەککەوتنى بودجەوە".
مەزهەر محەممەد ساڵح، ئاماژەى بەوەشدا سندوقى ئاوەدانکردنەوەى عێراق "گرنگترین" خاڵە لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی، بەتایبەتی بۆ پڕۆژەکانى وەبەرهێنان کە دەرفەت بە حکومەت دەدات خەرجى ئەو پرۆژانە لە رێگەى سندووقەکەوە دابین بکات.
نرخى نەوت لە پڕۆژەیاساى بودجە بۆ ئەو سێ ساڵە، بە 70 دۆلار دیاریکراوە، کە سەرچاوەى سەرەکیى داهاتى عێراقە و مانگانە نزیکەى 100 میلۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتى:" قەیرانى وزە لە جیهاندا هەیە، بەڵام ئەوەى بۆ عێراق باشە، هەناردەکارى وزەیە".