نوسرەت 14 هەزار و 500 ژن بۆ خواردن بانگهێشت دەکات

14-03-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نوسرەت کوردستان خواردن
A+ A-

رووداو-هەولێر

نوسرەت گۆکچە، کوردێکی باکووری کوردستانە کە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە بۆ رۆژی جیهانی ژنان 14 هەزار و 500 ژنی بۆ خواردن بانگهێشتی ریستۆرانتەکەی کردووە.

نوسرەت بەگوتەی خۆی 10 تۆن گۆشتی بۆ ئەو مەبەستە سەرفکردووە و تێچووی بانگهێشتەکە 8 ملیۆن و نیو لیرەیە (نزیکەی 1 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار) . 

نوسرەت گۆکچە لە ساڵی 1983 لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان لە خانەوادەیەکی 7 کەسی لەدایکبووە. باوکی کرێکاری کانی خەڵووز بووە. کاتێک نوسرەت لە تەمەنی دوو ساڵیدا بوو خێزانەکەی بەرەو ئیستەنبوڵ کۆچیان کردووە. نوسرەت لە قۆناخی ناوەندی بەهۆی دەستکورتییەوە وازی لە خوێندن هێناوە. 

نوسرەت لە تەمەنی گەنجی لە بازاڕی گۆشتفرۆشانی بۆستانجی، بووەتە شاگرد. توانی لە ماوەیەکی کەمدا ببێتە وەستا و، بەهۆی سەختیی گوزەرانییەوە زۆرترین کاتەکانی خۆی تایبەت کردبوو بە کارکردن. رۆژی وا هەبووە، 18 کاژێر کاری کردووە. 

نوسرەت ئەوەندە لەگەڵ گۆشت و وەستایی قاشکردنی گۆشت تێکەڵبوو، رۆژ بە رۆژ هونەری تازەی دادەهێنا و، تادەهات زیاتر ئاشقی کارەکەی دەبوو.

جیاوازیی نوسرەت لەگەڵ ئەوانی دیکە لەوەدا بوو؛ ئەو بە خۆشەویستییەوە کارەکەی دەکرد. باوەڕی وابوو تەنیا هونەرمەند و یاریزان نین کە ناوبانگ دەردەکەن و، شاشە و ماڵپەڕەکان گیرۆدە دەکەن. 

یەکەم وێستگەی دەستپێکیشی بۆ پەرەپێدان بە کارەکەی، ساڵی 2007 بوو کاتێک وەکو وەستایەکی هونەرمەند لە بواری ئامادەکردنی گۆشتدا بەشداریی لە رێوڕەسمی کردنەوەی پارکێکی ئیستەنبووڵ کرد.

نوسرەت چەند هونەرێکی بڕینی گۆشتی داهێنا کە ناوەکانیان ''لوقم، گوێز و قەفەس'' بوون. بەوەشەوە نەوەستا، بڕیاریدا بە مەبەستی دەوڵەمەندترکردنی پیشەکەی بچێتە ئەمریکا. خۆی گەیاندە خواردنگە و کۆگا گۆشتییە بەناوبانگەکانی ئەوێ. لە رێستورانتەکانی نیویۆرک بەشێوەیەکی خۆبەخش کاری کرد. ئەو مۆدێل و مینووانەی نوسرەت دایهێنابوون لە ''نیویۆرک تایمز'' رووماڵ کران. 

نوسرەت لە ساڵانی 2010 تاوەکو 2012 چەند شوێنێکی تایبەتی کردەوە، ئیدی کۆتایی بە ژیانی شاگردیێتی هێنا. دەست و پەنجەی نوسرەت بووە جێی سەرنجی میدیاکان و، بووە مارکەیەکی تایبەت لە خواردنەکانی گۆشت.

نوسرەت لە ئامادەکردنی گۆشتدا جۆرە نمایشێکی جیاوازی هەیە، ئەوەش لەکاتێکدا خوێ بە گۆشتەکەدا دەکات، ئەو جۆرە نمایشە بووەتە جێی سەرنجی خەڵک و میدیاکان. بەم جووڵەیە کە تاڕادەیەک لە جووڵەی ماری کۆبراوە نزیکە، لە رێوڕەسمێکی شاری مۆناکۆی فەرەنسا، خەڵاتی جیهانیی وەرزشی پێدرا. 

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە