رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، بڕێکى "زۆر" گەنمى بەرهەمھێنراوى نێوخۆییان هەناردە کردووە. راشیگەیاند، بەشێکى زۆرى کارنامەى حکومەت بۆ پاڵپشتى کەرتى کشتوکاڵە.
ئەو گوتانەى سوودانى لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ شاندێکى کۆمپانیاى کلاسی کشتوکاڵی لە پەراوێزى کۆنگرەى 16ـەمینى میونشن لە ئەڵمانیا.
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سوودانى جەختى لەوە کردووەتەوە کە کارنامەى حکومەت بەشێکى زۆرى بۆ پاڵپشتیى کەرتى کشتوکاڵییە، بەهۆى ئەوەى پەیوەندیدارە بە ئاسایشى خۆراک و بەهێزکردنى ئابوورى و فرەچەشنکردنى.
سوودانى رایگەیاندووە: "عێراق بڕێکى زۆر گەنمى بەرهەمهێنراوى هەناردە کردووە لە دواى چەند وەرزێکى سەرکەوتوو لە چاندنى ئەو بەرهەمە و پاڵپشتى بەردەوامى حکومەت بۆ جووتیاران" .
ساڵى 2024 بڕى گەنمى بەرهەمهێنراو لە عێراق گەیشتە پێنج ملیۆن و 234 هەزار تۆن، کە 23٪ـى لە ساڵى 2023 زیاتر بووە.
محەممەد شیاع سوودانى دەڵێت: "لە عێراق بازاڕێکى گەرمى ئامێرە کشتوکاڵییەکان هەیە."
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، کۆمپانیاى کلاس ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دروستکردنى ناوەندێکى مەشقپێکردن بۆ بەهێزکردنى تواناى عێراقییەکان و دامەزراندنى ناوەندێک بۆ چاککردنەوەى ئەو ئامێرە کشتوکاڵیانەى، کە ئەو کۆمپانیایە لە عێراق هەیەتى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ