نوێنەری 8 وەزارەتی عێراق سەردانی دەروازەی سنووری تەوێڵە دەكەن

14-02-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن تەوێڵە شووشمێ
A+ A-

رووداو - هەولێر

نوێنەری هەشت وەزارەتی عێراق سەردانی دەروازەی سنووری تەوێڵە - شوشمێ‌ دەكەن. یەكێك لە داواكارییەكان کە ئاراسەتەیان دەکرێت بەنێودەوڵەتیكردنی دەروازەکەیە. جێگری  پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت "هەرچەندە ئەو لیژنەیەی دێتە دەروازەكە دەسەڵاتی بەنێودەوڵەتیكردنی نییە، بەڵام دەخوازین داواكارییەكانمان بگەیێننە حكومەتی عێراق".

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 14-2-2018، شاندێكی دەرازە سنوورییەكانی عێراق كە نوێنەری هەشت وەزارەتی لەخۆ گرتووە، سەردانی دەرازەی سنووری تەوێڵە - شوشمێ‌ بكەن.

گوتیشی: "ئەو شاندەی دێت هەڵسەنگاندن بۆ دەروازەكە دەكات، داواكاری ئێمەش زۆر دەمێكە ئەوەیە كە ئەو دەروازەیە بەنێودەوڵەتی بكرێت، هەرچەندە ئەو شاندەی كە دێت دەسەڵاتی ئەوەیان نییە داواكارییەكەی ئێمە جێبەجێ‌ بكەن، بەڵام ئومێدەوارین داواكەمان بگەیێننە حكومەتی عێراق".

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە باسی لەوەش كرد کە زیاد لە هەزار خێزانی سنووری هەڵەبجە بژێوییان لەسەر ئەو دەوازە سنوورییەیە. گوتیشی: "گرفتێكی ئەو دەوازەیە خراپی رێگاكەیەتی، لەكاتێكدا دوو رێگای دیكەی هەن، بۆیە داوا دەكەین پێش هەر شتێك رێگاكەی چاكبكرێت".

هەمان شاندی حكومەتی عێراق رۆژی سێشەممە 13-2-2018 لە سنووری پارێزگای دهۆك سەردانی دەروازەی سنووری سەرزێڕی كرد.

بۆ بازرگانیكردن ‌و هاتووچۆی خەڵك، ئێران ‌و هەرێمی كوردستان چەندین دەروازەی هاوبەشی فەرمییان هەیە، لەوانە دەروازەكانی پەروێزخان ‌و باشماخ ‌و حاجی ئۆمەران دەروازەی سنووری فەرمی نێودەوڵەتین ‌و هەریەك لە خاڵە سنوورییەكانی سەرزێڕ ‌و كێلێ‌ ‌و سەیرانبەن ‌و تەوێلە ‌و سەرتەك-یش، لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بەفەرمی ناسێنراون و خاڵی گومرگییان لێ دانراوە، بەڵام هێشتا حكومەتی عێراق بەفەرمی نەیناساندوون.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە