وەزارەتی دارایی: بەغدا پابەند نەبووە بە بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى بۆ خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەران

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتى دارایی فیدراڵ، پار زیاتر لە 822 ملیار دینارى کەمتر لە پشکى هەرێمى کوردستان بۆ مووچە ناردووە و نزیکەى 727 ملیار دینارى وەک لێبڕینى خانەنشینی و باجى دەرامەت بڕیوە.

وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە نوێترین روونکردنەوەدا کە بە زمانی عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە رایگەیاندووە، "وەزارەتى دارایی فیدراڵ پابەند نەبووە بە بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و 10 تریلیۆن و 26 ملیار و 883 ملیۆن و 844 هەزار و 549 دینارى خستووەتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی و ئابوورى لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندى و  726 ملیار و 995 ملیۆن و 775 هەزار 414 دینار بڕدراوە وەک لێبڕینى خانەنشینی و باجى دەرامەت."
 
وەزارەتى دارایی و ئابوورى ئاماژەى بەوەداوە پشکى تەرخانکراوى هەرێمى کوردستان بۆ مووچە لە بودجەى پار "11 تریلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن و 335 هەزار دینار بووە، بەڵام 822 ملیار و 642 ملیۆن و 15 هەزار و 37 دینار کەمتر لەو پشکە نێردراوە."
 
ئەو راگەیێندراوەى وەزارەتى دارایی وئابوورى دواى راگەیێندراوێکى دیکەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى بوو لە بارەى خەرجکردنى پارەى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان کە تێیدا ئاماژەى بەوەدابوو زیاتر لە "11 تریلیۆن دینارى ناردووە و هەرێمى کوردستانیش 4.3 تریلیۆن دینارى داهاتى نانەوتى رادەست نەکردوون."
 
وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، تاوەکو 30-11-2024  بڕى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان چوار تریلیۆن و 347 ملیار و 484 ملیۆن و 382 هەزار و 654 دینار بووە و دەڵێت: "ئەوەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ دەیڵێت کە حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە بە ناردنى داهاتى نانەوتى، رەتدەکەینەوە، 399 ملیار و 168 ملیۆن و 964 هەزار و 550 دینارى داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا کراوە."
 
ئەو بڕە پارەیەى داهاتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بەپێنج گوژمە رادەستکراون، بە گوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان بەستراوەتەوە بە رادەستکردنى داهاتى نانەوتى.
 
وەزارەتى دارایی و ئابوورى رایگەیاندووە، "بەگوێرەى رێککەوتنى نێوان سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە مانگى ئایارەوە 50%ى داهاتى نانەوتى رادەستکراوە و ئەو بەشەى داهات کە ماوەتەوە لە خەرجى بەکاربردنى دامەزراوەکانى حکومەت و خەرجى وەبەرهێنان و کورتهێنانى مووچە خەرجکراوە کە بەهۆى سیاسەتى وەزارەتى دارایی فیدراڵى دروست بووە و لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمى کوردستان."
 
ئەو وەزارەتە رایگەیاندووە، وەزارەتى دارایی  فیدراڵ بە نووسراوى فەرمى پێی گوتوون کە بەرزەمووچە و سەرەمووچەى فەرمانبەران راگیراوە، بە پاساوى ئەوەى لە خشتەى بودجەدا نییە، بەڵام دواتر بۆیان روون بووەتەوە ئەو هەنگاوە لە دامەزراوە فیدراڵییەکان بەردەوامە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، "وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ یاساى خانەنشینى یەکگرتووى بەشێوەیەکى بژاردەیی جێبەجێکردووە، لە کاتێکدا بڕیارى لێبڕینى خانەنشینى لە مووچە جێبەجێکردووە، بەڵام ئەو پارە زیادەیەى نەناردووە کە بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان پێویست بووە و حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچاربووە مانگانە نزیکەى 55 ملیار دینار لە داهاتى نانەوتى بۆ پڕکردنەوەى ئەو کورتهێنانە خەرج بکات."
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دروستکردنى هەندێک بەربەست بۆ خەرجکردنى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان "لە دژى" بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵییە، کە ئاماژەى بەوەداوە نابێت هیچ ناکۆکییەک لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى ببێتە هۆى ئەوەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى چاودێریى کۆمەڵایەتى، مانگانە مووچە لەکاتى خۆیدا وەرنەگرن.
 
بۆ ساڵى 2024، حکومەتى هەرێمى کوردستان 11 مووچەى دابەشکردووە، لەکاتێکدا وەزارەتى دارایی فیدراڵ ئاماژە بەوەدەکات مووچەى سەرجەم مانگەکانی ناردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، داوایان لە بەغدا کردووە مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى مەدەنى و سەربازى و تۆڕى کۆمەڵایەتى و کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان خەرج بکات کە "820 هەزار و 268 کەسن و پارەکەیان 677 ملیار و 121 ملیۆن و 658 هەزار و 862 دینارە بۆ مانگى کانوونى دووەمى 2024، بەڵام 264 ملیار و 698 ملیۆن و 348 هەزار و 912 دیناریان بۆ ئەو مەبەستە ناردووە و هیچ بڕە پارەیەکى بۆ خانەنشینانى سەربازیی و مەدەنى ئەو مانگە نەناردووە، سەرەڕاى ئەوەى پارەى تەرخانکراوى تایبەت هەبووە لەدواى گواستنەوەى 430 ملیاردینار بۆ ئەو مەبەستە."
 
وەزارەتى دارایی و ئابوورى ئاماژەى بەوەداوە، "وەزارەتى دارایی فیدراڵى 22 تریلیۆن و 82 ملیار و 901 ملیۆن و 444 هەزار و 287 دینارى بۆ خەرجى وەربەهێنان و چوار تریلیۆن و 737 ملیار و 106 ملیۆن و 68 هەزار دینارى وەک پێشینەى وەبەرهێنانى بۆ پارێزگاکانى دیکەى عێراق خەرج کردووە، بەڵام بۆ هەمان مەبەست یەک دینارى بۆ هەرێمى کوردستان خەرج نەکردووە."
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە بەجێکردنى مووچە لە رێگەى "هەژمارى من"، وەک ئەوەى لە بڕیارى دادگەى فیدراڵى هاتووە و نزیکەى 750 هەزار فەرمانبەر تۆمارکراون و 220 هەزاریان لەو رێگەیەوە مووچە وەردەگرن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە