رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە گەیشتە 2669 دۆلار.
نرخی زێڕ بەهۆی ناڕوونییەکانی پەیوەست بە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرزبووەوە. بازرگانان چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی ئابووریی ئەمریکان پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی 12 بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییان هەبێت سەبارەت بە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی ئەمریکا.
لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە 2685 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی دووشەممە نرخی زێڕ لە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارە بەهێزەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا دابەزیبوو.
بەهێزیی بازاڕی کاری ئەمریکا بەهای دۆلاری بەرزکردەوە و خواستی بۆ کڕینی زێڕ دابەزاند.
لە مانگی 12 دا 256 هەزار کەس لە ئەمریکا دامەزراون، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرا تەنیا 160 هەزار کەس هەلی کارکردنیان دەستبکەوێت. ئامارەکان گومانیان دروستکردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێویستی بە کەمکردنەوەی خێرای سوودی بانکی هەبێت.
بەڵام نزیکبوونەوەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و ناڕوونیی سیاسەتەکانی لە رۆژی سێشەممە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ