رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە دامەزراندنی بانکێکی نوێ بە سەرمایەی یەک تریلیۆن دینار. هەروەها بڕیاردرا خانەنشینان بەدەر بکرێن لە لێبڕینی مووچەکانیان بۆ پشتیوانی غەززە و لوبنان.
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە رۆژی دووشەممە 13-01-2025 کرا، دووەم کۆبوونەوە بوو لە ساڵی نوێدا. لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بەدەرکردنی خانەنشینان دا، لە بڕیاری ژمارە (24888)ی تایبەت بە بڕینی (٪1) لە مووچەکانیان بۆ پشتیوانی (غەززە و لوبنان)، لە رێکەوتی دەرچوونییەوە لە 24ی تشرینی دووەمی 2024 دا و گەڕاندنەوەی بڕە پارە بڕدراوەکان.
ئەنجوومەنی هۆکاری بڕیارەکەی بۆ سەختی پێشکەشکردنی داواکاریی بەخشینەکە لەلایەن خانەنشینانەوە گەڕاندووەتەوە، بە پێچەوانەی فەرمانبەران کە دەتوانن داواکارییەکان لە رێگەی فەرمانگەکانیانەوە پێشکەش بکەن.
بڕیارەکان لە بارەی ژینگەوە
لە چوارچێوەی رێکارەکانی حکومەت لە بواری ژینگەدا، ئەنجوومەنی وەزیران راسپاردەکانی راپۆرتی تایبەت بە چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا و بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆشی پەسند کرد کە وەزارەتی ژینگە ئامادەی کردووە، کە لە راسپاردەی خێرا و راسپاردەی مامناوەند و درێژخایەن پێکدێن.
یەکەم: راسپاردە خێراییەکان
- بەهێزکردنی دەستەی کارمەند و ژێرخانی لۆجیستی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ژینگە، نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی چاودێری جۆری هەوا لە بەغدا و پارێزگاکان، دامەزراندنی یەکەی سەنتەری نیشتمانی بۆ ئاڵوگۆڕ و چارەسەرکردن و گرێدانی وێستگەکانی چاودێری و سەرچاوەکانی دەردان.
- دابینکردنی پارەی پێویست بۆ پشتگیریی چالاکییەکانی چاودێری، دروستکردنی میکانیزمێکی پارەدارکردنی بەردەوام بۆ پشتگیریی وەزارەتی ژینگە، تەرخانکردنی بەشێک لە بودجەی گشتیی دەوڵەت بۆ بەهێزکردنی سیستەمی پشکنینی ژینگەیی.
- یەکە و دامەزراوە پیسکەرەکان سیستەمی کۆنتڕۆڵی کارا بۆ دەردانە پیسکەرەکانیان دابین بکەن، پێداویستییە ژینگەییەکان دابین بکەن و پابەندی یاسا کارپێکراوەکانی ژینگە بن.
- هاوئاهەنگی لەنێوان لایەنە ئەمنی و ژینگەییەکان بۆ پەرەپێدانی پلانێکی درێژخایەن بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی چاودێری و داخستنی ئەو شوێنانەی سەرپێچی دەکەن.
- بەشداریی لایەنە ئەمنییەکان لەگەڵ تیمە تەکنیکییەکان بۆ بەدواداچوونی چالاکییە پیشەسازییە نارێکخراوە پیسکەرەکانی هەوا و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
دووەم: راسپاردە مامناوەند و درێژخایەنەکان
- ئامادەکردنی بەرنامەیەکی نیشتمانیی تەواو بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا، شیکردنەوەی داتاکان و پێداچوونەوە بە یاساکان و خەمڵاندنی کاریگەریی تەندروستی و تێچووی زیانەکان
- پێدانی سووتەمەنیی بە دامەزراوە پیشەسازییەکان کە رێژەیەکی کەمی کبریتی تێدابێت، ئەویش بە مەبەستی کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان.
- نوێکردنەوەی یاسا و رێسا ژینگەییەکان و دانانی پلانی کاری نیشتمانیی گشتگیر بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا.
- پشتگیریکردنی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکانی پیسبوون و کاریگەرییەکانیان، پەرەپێدانی چارەسەری دەردانەکان.
- زیادکردنی رێژەی سەوزایی.
- چارەسەرکردنی پاشماوە و زبڵ و خاشاک بە رێگەی زانستی و هەوڵدان بۆ بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان و گەیشتن بە ئامانجی سفر پاشماوە.
بڕیارەکان لە بارەی خانووی زێدەڕۆ
بە ئامانجی دۆزینەوەی شێوازێکی یاسایی بۆ خانووە زێدەڕۆییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی دا، لەوانە:
1- ئەمینداریی بەغدا و پارێزگاران دەتوانن ئەو زەویانە بەو کەسانە بفرۆشن کە زێدەڕۆییان لەسەر زەوییەکە کردووە، پێش 10ی کانوونی یەکەمی 2024 (دیاریکردنی یەکە نیشتەجێبوونەکان لەلایەن لیژنەکانی سەرژمێری دانیشتووانەوە)، بە مەرجێک زەوییەکان لە سنووری نەخشەی بنەڕەتیی شارەوانییەکان بن.
مەرجەکانی فرۆشتنی زەویی زێدەڕۆ:
- زەوییەکە لە نێو سنووری نەخشەی بنەڕەتیدا بێت.
- زەوییەکە بەو کەسە دەفرۆشرێت کە زیدەڕۆییەکەی کردووە، یان میراتگرانی.
- لە ماوەی 180 رۆژی کارکردندا لە رێکەوتی دەرچوونی رێنماییەکان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە، داواکاری پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی بکات.
- بەلێننامە پڕ بکاتەوە، کە خۆی، هاوژینەکەی و منداڵەکانی کە لە 18 ساڵ کەمترن، هیچ موڵکێکیان بە ناو نییە.
- فرۆشتنەکە بە نرخی راستەقینە بێت کە لەلایەن لیژنەیەکی خەمڵاندنەوە دیاری دەکرێت کە بەپێی یاسای (21ی ساڵی 2013) پێکدەهێنرێت، بە دەرکردن لە زیادکردنی ئاشکرا.
2- رێگە نادرێت زیاتر لە یەک پارچە زەوی بە داواکار بدرێت، پارێزگای کەرکوکیش حوکمەکانی ئەم بڕیارە نایگرێتەوە.
بانکێکی نوێ لە عێراق دادەمەزرێت
لە چوارچێوەی رێکارەکانی چاکسازی بانکی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی رەزامەندی درا:
1. دامەزراندنی بانکێکی نوێی کۆمپانیای پشکدار کە پشت بە نوێترین تەکنەلۆژیا دەبەستێت و ئامانجی ئەوەیە ببێتە هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیاکان و بازرگانان چ لە ناوەوە یان دەرەوەی عێراق، خزمەتگوزاری دارایی و بانکی پێشکەش بە تاکەکان بکات لە رێگەی ئەزموونێکی دیجیتاڵی تەواوەوە، ببێتە بانکێکی پێشەنگ لەسەر ئاستی هەرێمی.
2. بانکەکە ناوی بانکی رافیدەینی یەکەم دەبێت
3. سەرمایەی بانکەکە (1) تریلیۆن دیناری عێراقی بێت، رێژەی بەشداریی دەوڵەت (کەرتی حکومی، کەرتی گشتی و تاکەکان) (24٪) بێت.
4. بانکەکە بە سەرمایەیەک کە لە (500) ملیار دینار کەمتر نەبێت دەست بە کار بکات.
5. مانەوەی بانکی رافیدەین وەک دەروازەیەکی دارایی و بنەڕەتی بۆ جێبەجێکردنی هەموو مامەڵە حکومییەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونی کارەکان بۆ رێکخستنەوەی لەگەڵ بانکی رەشید لە رێگەی نەخشەرێگایەک بۆ پەرەپێدانی بانکی رافیدەین بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرنست یۆنگ، کە بۆ ئەم مەبەستە گرێبەستی لەگەڵ کراوە.
6. دەسەڵاتدان بە بانکی ناوەندی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی راوێژکاری بۆ دامەزراندنی بانکی نوێ.
زیادکردنی داهات
بۆ زیادکردنی داهاتەکانی دەوڵەت، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر:
1. دەسەڵات درایە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانی بە راگەیاندنی بەکرێدانی ئەو شوێنانەی تایبەتن بە دانانی تابلۆی ریکلام لەسەر رێگا گشتییەکانی دەرەوەی سنووری ئەمینداریێتی بەغدا و شارەوانییەکان.
2. بەکرێدانەکە بۆ یەک کۆمپانیا یان کۆمپانیایەک بۆ هەر پارێزگایەک یان چەند کۆمپانیایەک دەبێت
3. پێشکەشکردنی داواکاری تەنیا تایبەت دەبێت بە کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە وەزارەتی بازرگانی/بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کە تایبەتمەندن لە بواری ریکلام.
4. کرێی ریکلامەکان لەلایەن لیژنەکانەوە دیاری دەکرێت،، بەپێی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکی دەوڵەت ژمارە (21)ی ساڵی 2013 (هەموارکراو).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ