ئەندامێکی لیژنەی دارایی: دەرکەوت بەغدا پارەی مووچەی بەتەواوی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەی لیژنەکەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەرکەوت، بڕی پارەی خەرجکراو بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2024 کەمترە لە کۆی ئەو شایستەی لە بودجەی 2024 دا بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
رۆژی دووشەممە، 2025/01/13، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداری بەڕێوەبەرە گشتییەکانی بودجە، ژمێرکاری، قەرزی گشتی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ بڕ و رێژەی جێبەجێکردنی بودجەی ساڵی 2024، پارەدارکردنی پڕۆژە نوێ و بەردەوامەکانی وەبەرهێنان، هەمواری یاسای بودجە، قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق، کورتهێنانی بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و مووچە.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پەیجی خۆی بڵاویکردووەتەوە: "بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەرکەوت تاوەکو کۆتایی مانگی 12ی 2024 لەکۆی زیاتر لە 89 تریلیۆن و 743 ملیار و 203 ملیۆن دینار بۆ مووچە لە عێراق، نزیکەی 10 تریلیۆن و 738 ملیار و 629 ملیۆن دینار بۆ پارەدارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە.
ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی، کە پەرلەمانتاری یەکێتیشە، دەڵێت: "بڕی تەمویلکراو بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2024 کەمترە لە کۆی تەرخانکراو بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024 کە بە 11 تریلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن 335 هەزار دینار خەمڵێنرابوو."
بەپێی لێکدانەوەی ئەو پەرلەمانتارە بێت، وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 837 ملیار دیناری شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2024 خەرخ نەکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر وەزارەتەکە رایگەیاندبوو، سەرجەم شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2024 خەرخکردووە.