عێراق و ئیسرائیل لە لیستی گەورەترین هەناردەکارانی تورکیا لادەبرێن

رووداو دیجیتاڵ
   
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و عێراقی لە لیستی گەورەترین هەناردەکارانی وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2024 لابرد. سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بڕیارە گورزێکی گەورە لە بازرگانانی باکووری کوردستان دەدات. 
 
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا "لیستی هەناردەی بۆ وڵاتانی ئامانج" بۆ ساڵی 2024 ئامادەکرد و، رەوانەی دەستەی گشتیی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوە و یەکێتیی بۆرسە و ژوورە بازرگانییەکانی تورکیای کرد.
 
ئەو لیستە هەموو ساڵێک ئامادە دەکرێت و ئەو وڵاتانە دیاری دەکات، کە تورکیا ئامانجی ئەوەیە زۆرترین هەناردەیان بۆ بکات. ئەمساڵ 56 وڵات لەو لیستەدا هەن.
 
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا بۆ ئەمساڵ عێراق، ئیسرائیل، مۆزەمبیق، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و سوودانی لەو لیستەدا لابردووە کە لە لیستی ساڵی 2023ـدا هەبوون. لەبری ئەوە چەند وڵاتێکی نوێی خستە لیستەکەوە کە بریتین لە بەنگلادیش، بەحرێن، بۆسنیا، جەزائیر، چیک، پورتوگال، تونس، عومان و ئوردن کە ساڵی رابردوو لە لیستەکەدا نەبوون.
 
محەممەد کایا، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد، ئەمڕۆ (یەکشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2024) سەبارەت بەو بابەتە و بەتایبەتی کاریگەرییەکانی بڕیارەکەی وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لەسەر بازرگانانی باکووری کوردستان و تورکیا لەگەڵ باشووری کوردستان و عێراق وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
 
محەممەد کایا بڕیارەکەی وەک "گورزێکی گەورە'' لە بازرگانانی باکووری کوردستان و تورکیا ناوبرد و گوتی، "ئێمە، سنوورمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە. زۆر کۆمپانیای گەورەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن. دەرکردنیان لە لیستەکەدا بە هەر هۆکارێک بێت، بڕیارێکی هەڵەیە و دوورە لە لۆژیک، لەکاتێکدا عێراق لە لیستی وڵاتانی سەرەکیی هەناردەکردنی تورکیادایە."
 
کایا ئاماژەی بەوەش دا؛ عێراق و باشووری کوردستان بازاڕی سەرەکین بۆ هەناردەی تورکیا و بەتایبەتی بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی باکووری کوردستان، گوتی، "ئێمە پێشتر زۆر بەرهەممان هەناردە دەکرد کە لە ناوچەکەماندا بەرهەمدەهێنران. بڕیارەکە بە هەر هۆکارێک درابێت، بڕیارێکی هەڵەیە و هیوادارم لەو هەڵەیە بگەڕێنەوە."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئامەد دەڵێت، هەوڵدەدەن ئاستی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی پەیوەندی، پێشانگە و کردنەوەی دەروازەی سنووری نوێوە بەرزبکەنەوە، گوتی، "لەکاتێکدا بۆ یەکەمینجار لە 2022ـدا گەیشتوینەتە ئاستی پێش ساڵی 2015. ئەم بڕیارە رێگری گەورە لەبەردەم بازرگانیی هەردوولادا دروست دەکات."