رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا ئەو کەسانەی پێش ساڵی 2024 بە دراوی بیانی قەرزیان کردووە بە دیناری عێراقیش بتوانن بیدەنەوە، بەهای دۆلاریش بەو جۆرە دەبێت کە بانکی ناوەندی دیاریکردووە؛ هەروەها رێگەدەدات بانکەکان بە دراوی بیانیش قەرز بدەن.
بانکی ناوەندیی عێراق لە بڕیارێکدا کە پشتبەستە بە بڕیاری ژمارە شەشی ساڵی 2024ـی کە لە کۆبوونەوەی رۆژی 2ـی ئەم مانگە داویەتی و ئاراستەی سەرجەم بانکەکان کراوە، دەڵێت:
1- رێگە بەو کەسانە دەدرێت کە لە بانکە تایبەت و حکومییەکان بە دراوی بیانی قەرزیان کردووە، قەرزەکانیان بە دیناری عێراقی و بەپێی بەهای فەرمیی بانکی ناوەندی بگەڕێننەوە، بەڵام دەبێت بانکی ناوەندی پشتیوانی لە هەژمارەکانی بانکەکان بە مەبەستی حەواڵەی دەرەکی و بە بەهای فەرمی و بەپێی پێویستییان بکات، یان گەڕاندنەوە بە هەمان پرۆسەی قەرزکردن بێت.
2- رێگە بە بانکەکان دەدرێت قەرزەکانیان بە دراوی بیانی بدەن بە قەرزوەرگرەکان، ئەوانەی داهاتی تەواویان بە دراوی بیانی هەیە بۆ دانەوەی بڕی ئەو قەرزانە بە هەمان دراو.
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت، کە بۆ 100 دۆلار، 132 هەزار دینار وەردەگرێت. ئاڵوگۆڕکارانی دراو دەڵێن، ئەو پارەیە بەشی زۆری بۆ دەرەوەی وڵاتە؛ بۆیە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە.
بانکی ناوەندیی عێراق لە چەند مانگی رابردوودا ژمارەیەک رێکاری گرتووەتەبەر بەمەبەستی بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار و دراوەکانی دیکە، کە دیارترینیان رێگەگرتن بوو لە چوونە دەرەوەی دۆلار بە قاچاخ بۆ ژمارەیەک وڵات کە لیستی سزاکانی ئەمریکادان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ