دیناری عێراق بۆ نزمترین ئاست بەرامبەر بە دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
لەماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا نرخی دیناری عێراقی و تومەنی ئێرانی گەورەترین دابەزین بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەخۆیانەوە دەبینن و ئەمڕۆ لە بۆرسەکانی کوردستان 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بووە بە 150 هەزار و 500 دیناری عێراقی، ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێریش دەڵێت: دابەزینی نرخی دیناری عێراقی پەیوەندیی بەبڕی پارەی خستنەڕووی دۆلارەوە هەیە لە بازاڕەکاندا کە هێشتا بڕێکی کەمە.
رۆژی سێشەممە 13-12-2022، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕينەوەی دراوی هەولێر سەبارەت بەدابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: " ئەمڕۆ سێشەممە نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 150 هەزار و 500 دیناری عێراقییە، لەکاتێکدا دوێنێ بەیانی بە 149 هەزار و 850 دینار بوو، هۆکاری ئەم دابەزینەی نرخی دیناری عێراق پەیوەندیی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە، یەکێک لەوانە ئەو بڕەی کە بانکی ناوەندیی عێراق دەیخاتە بازاڕەکانەوە."
100 دۆلار بە 3 ملیۆن و 700 هەزار تومەنە
هەروەها لەبارەی نرخی تومەن ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕينەوەی دراوی هەولێر گوتی، "ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 3 ملیۆن و 700 هەزار تومەنە، ئەم دابەزینە زیاترەی نرخی تمەن پەیوەندیی بە سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپایە لەسەر ئێران و هۆکاری خۆپێشاندان و دۆخی نێوخۆیی ئێران."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گۆڕينەوەی دراوی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "لەماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا ئەمە نزمترین ئاستە دیناری عێراق و تمەنی ئێران پێیگەیشتوون و بەپێی بانکی ناوەندیی عێراق نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بگاتە ئاستی 151 هەزار دیناریش هێشتا ئاساییە."
بەپێی زانیارییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژی دووشەممە بڕی 134 ملیۆن و 98 هەزار دۆلاری لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە خستووەتە بازاڕەوە، لە کاتێکدا ئەو بڕە رۆژی سێشەممە 138 ملیۆن و 272 هەزار دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و ئەو بڕە بۆ رۆژی چوارشەممە 138 ملیۆن و 274 هەزار دۆلار دەبێت.
رۆژی 6-12-2022، باسم عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتی لە بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو گوتی " ئێمە دەیفرۆشین بە بانکەکان بە 146 هەزار و ئەوانیش بە خەڵکی دەفرۆشنەوە بە 147 هەزار. لە بازاڕدا ئەگەر بەهاکەی گەیشتە 150 و 151، ئەمە بەگوێرەی عورفی نێودەوڵەتی قبووڵکراوە. ئێمە هەوڵدەدەین کە هەمیشە نرخەکە نزیکتر بێت لە 147 هەزار، خۆشت دەزانیت جاری وا هەبووە دابەزیوە بۆ خوار 147یش، چونکە ئەمە شتێکە پشت بە پێشبینی دەبەستێت، جاری وا هەیە خەڵک پێشبینییەکیان هەیە بەهۆی لێدوانێکی سیاسی کە ئەمانە کار لە بەهای دراو دەکەن."
رۆژی یەکشەممە 4-12-2022، نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوکرایەوە کە لەلایەن عەممار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی بە وەکالەت واژۆکراوە و ئاراستەی هەموو بانکەکان و کۆمپانیاکانی گۆڕینەوەی دراو و کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی کرابوو، تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو: بە ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیری لە ئاستی گشتی نرخەکان و نرخی فرۆشتنی دۆلار و جێبەجێکردنی زیادبوونی داواکاریی لەسەر دراوی بیانی لە بازاڕی نێوخۆیدا، بڕیاریدا فرۆشتنی دۆلاری هەفتانە زیاد بکات.
پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 150 هەزار دینار کە بۆ یەکەمجار بوو ئەمساڵ بگاتە ئەو نرخە، بەڵام دواتر بۆ 149 هەزار و 900 دینار دابەزی.
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020دا بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیادبکات، ئەو بڕیارە هەرچەندە بووە هۆی زیادبوونی داهاتی ناوخۆ، بەڵام لە هەمان کاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا لانیکەم بە رێژەی زیاتر لە 20% بەرزکردەوە.
نرخی دیناری عێراقی بووەتە بابەتێکی جێی مشتومڕی ناوەند و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کە بەشێکیان داوای بەرزکردنەوەی نرخی دیناری عێراق دەکەن.
مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ 41 پەرلەمانتاری عێراق بە نووسراوێک، داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، لەبارەی دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار کۆببێتەوە.