رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی چوارشەممە بەشێک لە زیانەکانی رۆژی رابردووی خۆی قەرەبوو کردەوە و ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر.
پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە کورتمەودا بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئەمڕۆ چوارشەممە هەژمار دەکرێت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی چوارشەممە 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 72 دۆلار و 2 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 68 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
شرۆڤەکارانی بانکی ئۆسترالی نیوزیلاندی (ANZ)، لەبارەی نرخەکانی نەوتەوە رایانگەیاند، "لە بازاڕی فیزیکیی نەوتدا کڕیارانی نەوت هەر بڕە نەوتێک کە بخرێتەڕوو بە خێرایی دەیکڕن. ئەوەش بە واتای بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نرخی نەوت دێت لە کورتمەودا."
رێکخراوی ئۆپێک رۆژی سێشەممە راپۆرتی مانگانەی خۆی لەسەر بازاڕی نەوت بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە 2024دا یەک ملیۆن و 820 هەزار بەرمیل زیاد بووە، کە کەمترە لە پێشبینییەکانی رابردووی رێکخراوەکە.
بەپێی شرۆڤەکاران، داتا نوێیەکانی ئۆپێک هێمای ئەوەیە هێشتا لە درێژخایەندا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لاوازە.
رێکخراوی ئۆپێک پێشبینیی کردووە بۆ ساڵی داهاتوو خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت 1.54 ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات، کە کەمترە لە پێشبینیی پێشتریان کە 1.64 ملیۆن بەرمیل بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ