رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش لە عێراق دەڵێت، دوو جۆرە قەرز دەدرێتە کوردانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش و هاوکارییەکیش لەسەر بنچینەی هەبوونی پڕۆژە هەیە.
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی یەکشەممە 13-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیار دراوە دوو جۆر قەرز بدرێتە کوردانی ئێزدیی رزگاربووی دەست داعش، بەتایبەتی کچ و ژنانی رزگاربوو.
سەراب ئیلیاس گوتی، قەرزێکیان بۆ بابەتی نیشتەجێبوونە و تایبەتە بە دروستکردنی خانوو؛ دووەم قەرز 20 بۆ 60 ملیۆن دینارە و تایبەتە بە پڕۆژە و پارەکەش لەسەر بنچینەی پڕۆژەکە دەدرێت. ئەو قەرزە لە دوو ساڵی دوای وەرگرتنی داوا ناکرێت و دواتر دەست بە وەرگرتنەوەی دەکرێت و پێویستە لە 5 ساڵدا بدرێتەوە.
سەراب ئیلیاس گوتی، تاوەکو ئێستا 37 کەس داواکارییان بۆ وەرگرتنی قەرز لە جۆری دووەم پێشکێش کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش گوتیشی، هاوکارییەکیش هەیە و لە رێگەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچەوە پارە دەدرێتە کوردانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و لێشیان وەرناگرێتەوە.
سەراب ئیلیاس گوتی، ئەو هاوکارییە بۆ پڕۆژە دەبێت و ئێستا خەریکی داڕشتنی میکانیزمەکەن و ئامادەکارییان دەستیپێکردووە.
2155 کچ و ژنی کوردی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق مووچەی مانگانەیان بۆ بڕاوەتەوە، کە 800 هەزار دینارە و 262 پارچە زەویشیان لە شنگال بەسەردا دابەشکراوە.
لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند.
تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 581 کوردی ئێزدی رزگار کراون. دوایینیان فەوزییە ئەمین سەیدۆ بوو کە لە کەرتی غەززەوە گەڕێندرایەوە و ئێوارەی 2ـی ئەم مانگە بە کەسوکارەکەی شادبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ