شایستەی مانگی شەشی وانەبێژان دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

شایستەی دارایی مانگی شەشی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا کراون بە گرێبەست، کراوە بە چەک و ئەمڕۆ دابەشكردنی دەستپێدەکات.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری وانەبێژان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 13-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەواوی شایستەی وانەبێژان کراوە بە چەک. ئەمڕۆ لە چەند قەزایەک لەوانە چۆمان دەست بە دابەشکردنی کراوە."
 
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، "سبەی تەواوی شایستەی وانەبێژان خەرج دەکرێت و هەموو مامۆستایان دەتوانن مووچەکەیان وەربگرن." 
 
نوێنەرەکەی مامۆستایانی وانەبێژ گوتی، مووچەی مانگی نۆیان وەک گرێبەست دەبێت و بڕیارە لەگەڵ مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە وەریبگرن.
 
25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا وانەبێژان بکاتە گرێبەست کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 مامۆستایە.