هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی 140 هەزار بەرمیل کەمکردەوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی بازاڕ لە کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، عێراق لە مانگی ئەیلوولدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بە بڕی 260 هەزار بەرمیل کەمکردووەتەوە، کە کەمترە لەو پشکەی ئۆپێک پڵەس بۆی داناوە.
 
محەممەد نەجاڕ، رایگەیاند لەو بڕە 140 هەزار بەرمیلی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و 120 هەزار بەرمیلی دیکەشی لە کێڵگەکانی دیکە لە باشووری عێراق کەمکراوەتەوە.
 
نرخی نەوت لەم مانگەدا بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا بەڕێژەی 10٪ کەمترە لە نرخەکانی لە مانگی 7ـدا.
 
نرخی نەوتی برێنت لە دوایین مامەڵەکانی نێو بازاڕی نەوت بە 79 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، کە کەمترە لەو بڕەی زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت پێویستیانە بۆ ئەوەی رووبەڕووی کورتهێنانی بودجە نەبنەوە.
 
محەممەد نەجار ئاشکرای کرد، رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەی مەجنوون و 20 هەزار بەرمیلی دیکە لە کێڵگەی ناسرییە کەمکراونەتەوە.
 
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەبڕی 140 هەزار بەرمیل و بەڕێژەی 50٪ لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە کەمکردووەتەوە.
 
بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، عێراق بۆی هەیە رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت، بەوپێیەش لە مانگی 9 دا، رۆژانە 60 هەزار بەرمیل نەوتی کەمتر لەو پشکەی لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە بۆی دیاریکراوە، بەرهەمهێناوە.
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بەردەوام فشاری بۆ عێراق و چەند بەرهەمهێنەرێکی دیکەی نەوت هێناوە کە ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمبکەنەوە و پابەند بن بەو پشکەی بۆیان دیاری کراوە، بەڵام عێراق تاوەکو مانگی 9 رۆژانە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیلی بەرهەمهێناوە.
 
ئۆپێک پڵەس داوای کردووە بەرهەمهێنەرانی نەوت قەرەبووی ئەو نەوتە بکەنەوە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر بەرهەمیان هێناوە.
 
عێراق لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی 8، رۆژانە تێكڕا 4.55 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە