نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 545 هەزار دینار
رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە نزیکەی 2 هەزار و 600 دۆلار. بەوهۆیەوە نرخی مسقاڵی زێڕیش 15 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 23 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2 هەزار و 581 دۆلار.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە مێژووی مامەڵەکانیدا تۆمار کرابێت.
گەشبینی بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی نرخی زێڕە.
بڕیارە کاژێر 21:00ی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆببێتەوە و بڕیاری خۆی لەبارەی رێژەی سوود رابگەیێنێت.
زۆرینەی پێشبینییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە رێژەکە 0.25% و لە 5.50%وە بۆ 5.25% کەمدەکرێتەوە.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی پێنوێنی دۆلار و بەرزبوونەوەی زێڕ.
هەروەها دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی پێشوو ژمارەی ئەو کەسانەی داوای بیمەی بێکارییان کردووە، لە 228 هەزار کەسەوە بۆ 230 هەزار کەس زیادبووە. ئەوەش بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی زیاتر کرد.
لە دوێنێوە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 60 دۆلار بەرزبووەتەوە. لە هەفتەیەکیشدا 90 دۆلار.
بەهۆی ئەو بەرزبوونەوەیە، نرخی مسقاڵی زێڕیش بەرزبووەتەوە. ئێستا مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 به 545 هەزار دینارە. مسقاڵی عەیار 18 بە 470 هەزار و عەیار 24ـیش بە 625 هەزار دینارە.