بانکی ناوەندی پێداویستییەکانی حەواڵەکردنی پارە بۆ هاووڵاتییانی بیانی دیاریدەکات
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق ئەو بەڵگەنامە و پێداویستییانە دیاریدەکات کە پێویستە کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لەو بیانییانەی وەربگرن کاتێک لە عێراقەوە پارە حەواڵە دەکەن. راوێژکارێکی بانکە تایبەتەکانی عێراقیش دەڵێت، "بۆ دڵنیایی زیاترە لە حەواڵەکردنی پارە."
لەگەڵ نزیکبوونەوەی چلەی کوژرانی ئیمام حوسێن، کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیبی چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلام و پێشبینیی هاتنی هەشت ملیۆن گەشتیاری بیانی بۆ سەردانی مەزارە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، بانکی ناوەندیی عێراق رێککاری نوێی بۆ حەواڵەکردنی پارە راگەیاند.
بەپێی نووسراوێکی بانکەکە، کە رۆژی دووشەممە 12ی ئابی 2024 رەوانەی کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی (A و B)ی کردووە، هاتووە، "دەتوانن کارتی مانەوەی بەرکار و پاسپۆرتی کەسانی بیانیی ناعێراقی وەربگرن و کاری پێبکەن بە مەبەستی کاری حەواڵەکردنی پارە، بەو پێیەی ئەو بەڵگەنامانە کەمترینی ئەو بەڵگەنامە بن کە وەردەگیرێن، دەشتوانن لە کاتی پێویستدا بەڵگەنامەی دیکە وەربگرن."
رێکارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق وەکو روونیکردووەتەوە، "بۆ رێکخستنی رێکارەکانی کاری بریکارەکان و ئەو کەسانەیە کە خزمەتگوزاریی حەواڵە دەکەن، هەروەها بۆ رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنان، بۆ مەبەستی سوودوەرگرتن لە جیاوازیی بەهای دراو."
سەمیر نوسێری، راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو رێککارە بۆ رێگریکردنە لە خراپ بەکارهێنانی حەواڵە بۆ مەبەستی سوود لێوەرگرتنی بەهای فەرمی و بەهای بازاڕی هاوتا، رێککارەکە دڵنیایی زیاتر دەڕەخسێنێت."
رێککارەکە لە کاتێکدایە هاتنی شیعەکانی ئێران، پاکستان، ئەفغانستان و وڵاتانی عەربی و کەنداو بۆ پارێزگای کەربەلا دەستیپێکردووە، ئەوان بەشداری لە چلەی کوژرانی ئیمامی حوسێن دەکەن، کە مەزارگەکەی لە کەربەلایە.
بانکى ناوەندیی عێراق رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بە بەهاری فەرمی 131 هەزار دەفرۆشێت، بەڵام بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕە نێوخۆییەکاندا زیاتر لە 149 هەزار دینارە. بەقاچاخبردنى دۆلار و مامەڵە کردن بە دۆلارەوە لە بازاڕى رەش هۆکارن بۆ ئەو ناسەقامگیرییەى بەهاى دینار.
بەهۆی خراپبەکارهێنانی حەواڵکردنی دراو و بردنی بۆ ئەو وڵاتانەی لە لیستی سزاکانی گەنجینە و بانکی فیدڕاڵی ئەمریکادان، ماوەکانی رابردوو زیاتر لە 10 دامەزراوە و بانکی عێراق سزادران.