هەولێر دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزترین ئاستی تۆمارکرد؛ ئێستا بۆ یەکەمجار، مسقاڵێکی عەیار 21 بە 525 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئابی 2024، هندرێن وەرتی، ئەندامی سەندیکای زێڕینگران لەبارەی گرانبوونی زێڕەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ زێڕ لە مێژوودا بەرزترین ئاستی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کرد. ئەمە هۆکاری لێدوانی بەرپرسانە لە جیهاندا، جەنگی غەززە و ئیسرائیل، ئۆکراینا و رووسیا، جەنگەکانی دیکەیش هۆکارن بۆ ئەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزببێتەوە".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەندیکای زێڕینگران، "هەواڵی رۆژەڤ داڕمانی دراو و بانکەکانە، بۆیە خەڵک سەروەت و سامانی لە دراوەکانەوە بە زێڕ دەگۆڕێت، ئەمەیش هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ".
پێشبینی دەکرێت لە ئاستی مانگانەدا رێژەی هەڵاوسان بەڕێژەی 0.2% بەرزبێتەوە و ئەوەش کاریگەری لە سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت.
هندرێن وەرتی، ئەندامی سەندیکای زێڕینگران دەشڵێت، "پێشبینی ناکەم نرخی زێڕ لە 530 هەزار دینار بەرزتر ببێتەوە؛ بەڵام هاوکاتیش پێشبینی ناکەم نزم ببێتەوە. لە شەش مانگی رابردوودا، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 20 هەزار دیناری عێراقی گران بووە".
بازاڕەکانی ئەمریکا ئێستا پێیانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولدا 50 خاڵ لە سوودی بانکی کەمبکاتەوە. کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.
لەبارەی کاریگەرییەکانی گرانبوونی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستان، هندرێن وەرتی روونیکردەوە، "ئەم گرانبوونە دۆخێکی جیهانییە و تەنیا کوردستان ناگرێتەوە. گرانبوونی نرخی زێڕ دوودڵی و نیگەرانی ناوێت، پێشنیازیش دەکەم هەر کەسێک بیەوێت زێڕ بکڕێت، بابیکڕێت و زەرەر ناکات. چونکە بەگوێرەی هێڵکاری و بەرزی و نزمی نرخی زێڕ بێت، لەم نرخەی ئێستا زیاتر بەرز نابێتەوە و زۆریش دانابەزێت".
نرخی زێڕ کە لەلایەن سەندیکای زێڕینگەرانەوە بڵاوکراوەتەوە:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24 = 600,000 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22 = 550,000 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21 = 525,000 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕعەیار 18 = 450,000 هەزار دینار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ