وەزارەتی بازرگانیی عێراق سێ بازاڕی ناوەندی لە بەغدا دەکاتەوە

13-08-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق سێ بازاڕی ناوەندیی لە بەغدا نۆژەن دەکاتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازاڕە ناوەندییەکان دەڵێت: بازاڕەکان نزیکەی پێنج هەزار هەلی کار دەڕەخسێنن.
 
زوهرە گەیلانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازاڕە ناوەندییەکان لە وەزارەتی بازرگانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم کارەکانی بیناسازی، کارەبایی و میکانیکیی بازاڕە ناوەندییەکان خەریکە تەواو دەبن؛ ئێستا چاوەڕێی گەیشتنی کاڵا و شتومەکەکانن بۆ ئەوەی بازاڕەکان بە فەرمی بکەنەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازاڕە ناوەندییەکان ئاماژەی بەوەدا بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیان؛ هەریەک لەو بازاڕانە، بە کرێکار، کارگێڕ و ژمێریارەوە نزیکەی 5 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنن. گوتیشی، "بەڕێوەبەرایەتییەکەمان گرێبەستی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا تایبەتمەندانەدا کردووە، کە دەتوانن بۆ ئەو مەبەستە هاوکارمان بن."
 
زوهرە گەیلانی ئاماژەی بەوە دا دوای کردنەوەی ئەو بازاڕانەی بەغدا، بازاڕە ناوەندییەکانی نەینەوا، کەرکووک، نەجەف، دیوانییە، میسان و بەسرەش نۆژەن دەکرێنەوە.
 
سەبارەت بە گرنگیی بازاڕە ناوەندییەکان بۆ هاونیشتمانیان؛ زوهرە گەیلانی دەڵێت "دانانی نرخ بۆ کاڵا و شتومەکەکان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و چاودێریی راستەوخۆی حکومەت بۆ نرخەکان؛ دوو لە گرنگترین سوودەکانی ئەو بازاڕانەن."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، 19 بازاڕی ناوەندی لە عێراقدا هەبوون، کە لە دوای 2003ـوە سەرجەمیان داخراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە