بەرمیلێک نەوتی برێنت بە نزیکەی 81 دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوای 5 رۆژ لە بەرزبوونەوەی بەردەوام، رۆژی سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت دابەزی.

هەرچەندە لە پێنج کۆبوونەوەی رابردووی بازاڕ، نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانی لە پێکدادانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەرزبووەوە، بەڵام رۆژی سێشەممە نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 78 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 73 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 79 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی برێنت رۆژی دووشەممە نزیکەی 3% و نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش نزیکەی 4% بەرزبووەوە.
 
رێکخراوی ئۆپێک لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا پێشبینییەکانی بۆ خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت بۆ ئەم ساڵ دابەزاندووە کە بە هۆکاری دابەزینی ئەمرۆی نرخی نەوت هەژماردەکرێت. نیگەرانی لە کەمی خواست دووبارە باڵی کشاندووە بەسەر بازاڕی نەوت.
 
ییپ جون رۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بابەتی کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ ناو بازاڕی نەوت."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، هەرچەندە کەمبوونەوەی خواست لەلایەن ئەمریکا یان چین دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری نرخی نەوت.