حکومەت جارێکی دیکە وەرگرتنەوەی قەرزی بچووک دوادەخات

13-08-2018
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن قەرزی بچووک
A+ A-

رووداو - هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە رەزامەندی لەسەر دواخستنی وەرگرتنەوەی قەرزی بچووک دەردەبڕێت.

ئارام ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "سەرجەم سوودمەندانی پرۆژەی قەرزی بچووك ئاگاداردەكەینەوە بە فەرمانی وەزاری ژمارە (1061) لە 8-8-2018 بڕیاردراوە بۆ ماوەی ساڵێك قیستەکان دوابخرێن. ئەوەش بەهۆی قەیرانی دارایی و خراپی گوزەرانی خەڵک".

پێش قەیرانی دارایی قەرزی بچووک بە بڕی یەک ملیۆن تاوەکو  15 ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتی پڕۆژەی بچووک بە گەنجان و لاوان درا. هەشت هەزار و 136 گەنج لە قەرزەکە سوودمەندبوون. 

دەبوو هەر شەش مانگ جارێک سوودمەندەکان قەرزەکە لەماوەی شەش ساڵدا بە قیست بدەنەوە حکومەت. ئەگەر گەنجەکە 11 ملیۆن دیناری وەرگرتبێت دابەشی سەر 11 مانگ دەکرا و بەوشێوەیە بڕی دانەوەی قیستەکە دیاریدەکرا.

بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، دواخستنی دانەوەی قەرزەکە بۆ ماوەی ساڵێكە؛ لە 3-4-2018 تاوەکو 3-4-2019 دەخایەنێت. "لەسەر داوای ئەو گەنجانەی سوودمەندبوون و بەلەبەرچاوگرتنی خراپی گوزەرانی هاونیشتمانییان بڕیارەکە دراوە". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە