بۆ یەکەم جار مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 510 هەزار دینار

 
رووداو دیجیتاڵ 

بۆ یەکەمجار لە مێژووی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 گەیشتە 510 هەزار دینار. مسقاڵێک زێڕی عەیار 24ـیش لە 600 هەزار نزیکدەبێتەوە.
 
بەپێی سەندیکای زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان، نرخی فرۆشتنی زێڕ بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 580 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 535 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 510 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 440 هەزار دینارە
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-7-2024، لە کاتی داخستنی بازاڕدا نرخەکان بەم شێوەیە بوون:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 575 هەزار دینار بوو
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 525 هەزار دینار بوو
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 505 هەزار دینار بوو
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 430 هەزار دینار بوو
 
گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
 
ئامارەکانی ئەمریکا لەبارەی دابەزینی رێژەی هەڵاوسان، گەشبینیی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دروستکردووە.
 
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا، هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 3٪ دابەزیوە. ئەمە نزمترین ئاستە لە ماوەی ساڵێکی رابردوودا. لە مانگی ئایاردا رێژەکە 3.3٪ بوو.
 
دابەزینی هەڵاوسان ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەمریکا زیاتر دەکات لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا. ئەمە پێشبینی دەکرێت نرخی دۆلار دابەزێنێت و زێڕ بەرزبکاتەوە.
 
ئەوەش نرخی ئۆنسەیەک زێڕی لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 40 دۆلار بەرزکردووەتەوە.
 
حاجی هەژار قادر، بازرگان و شارەزای زێڕ بە رووداوی گوت، پێش گرانبوونی نرخی ئۆنسەی زێڕ، دابەزینی ئەم دواییەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕە.
 
دەشڵێت، لە رووی هەواڵەوە، دەبوو نرخی زێڕ جێگیر بێت، چونکە هیچ هەواڵێک نەبووە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی.
 
حاجی هەژار لەبارەی کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەوە لەسەر بازاڕ دەڵێت، لە 5 بۆ 6 مانگی رابردوودا کڕینی ئۆنسە زیادبووە، لێرەش رەواج لەسەری زیادبووە، بەڵام کاریگەریی لەسەر فرۆشی رۆژانەی زێڕینگرەکان دادەنێت.
 
گوتیشی کڕینی زێڕ بۆ جوانکاری کەمبووەتەوە. کڕینی ئەو زێڕانە زیادبووە کە هەقدەستی کەمە.
 
ئەو بازرگانە لەبارەی پێشبینییەکانی داهاتووی نرخی زێڕ دەڵێت، هەموویان بە ئاڕاستەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن. 
 
بەربژێربوونی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا و ئەگەری دەرچوونی، رەنگە نرخی زێڕ زیاتر بەرزبکاتەوە.
 
دەشڵێت، ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی دژبەری ئەمریکا، کڕینی زێڕیان راگرتووە. ئەگەر فرۆشتنی رابگەیێنن، کاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر زێڕ دەبێت.
 
لە 4ـی ئەم مانگەوە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 500 هەزار دینار جێگیرە. رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگەش گەیشتە 503 هەزار دینار.