بانکی ناوەندی سێ هەفتە مۆڵەت دەداتە کۆمپانیاکانی دراو لە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق کەمتر لە سێ هەفتە مۆڵەت دەداتە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بکەن یان لەگەڵ یەکدی تێکەڵ بکرێنەوە، "دوای ئەوە هیچ داواکارییەکیان بۆ ئەو مەبەستە لێ وەرناگیرێت،" بەوەش چارەنووسی سەتان کۆمپانیا دەکەوێتە مەترسییەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوی رۆژی 9ی مانگی تەممووز، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەتوانن تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە (31ی تەممووزی 2024) داوای خۆتۆمارکردن یان تێکەڵکردنەوە پێشکێش بکەن.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "رەزامەندی وەرگیرا بە درێژکردنەوەی ماوەی پێشکێشکردنی پێداویستییەکانی مۆڵەت وەرگرتن و تێکەڵکردنەوە بە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق تاوەکو رۆژی 31ی تەممووز."
هەروەها هاتووە، "دوای ئەوە، هەموو داواکاریی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان پەراوێز دەخرێت و کاریان پێناکرێت."
ئەحمەد جاف، نوێنەری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان لە رابیتەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نووسراوەکە دروستە، بەڵام رێکارەکان بۆ ئەو تێکەڵکردن و خۆتۆمارکردنە ئاڵۆزە، وەکو ئەوەی هەست دەکەین هەوڵ هەیە بۆ رێگری و قورس و ئاڵۆزکردنی کارەکان."
گوتیشی، "سەتان کۆمپانیا لە ترس و دڵەڕاوکێدان، دەبێت ئەم بابەتە باشتر چارەسەر بکرێت."
بۆ کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی دۆلار و رێکخستنی ئەو بوارە، بانکی ناوەندیی عێراق لە ساڵی 2022ەوە دوای گۆڕانکارییەکانی بەهای دینار بە دۆلاری ئەمریکی، ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەنێویاندا تێکەڵکردنەوەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو وەکو مەرجێک بۆ پێدانی دۆلار پێیان بە بەهای فەرمیی بانکی ناوەندی (132 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار).
دابەشبوونی کۆمپانیاکان بەپێی جۆرەکانیان بەپێی چەند خاڵێک دەبێت، لەوانە سەرمایەکانیانە، کە جۆری یەکەمیان پێنج ملیار دینار، دوومیان دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار، جۆری سێیەمیشیان 500 ملیۆن دینارە.
بەپێی رێنوێنییەکە؛ بۆ تێکەڵکردنەوە بانکی ناوەندیی عێراق ژمارەیەک مەرجی هەیە، لەنێویاندا: رەزامەندی پێشوەختە هەبێت بۆ تێکەڵکردنەوە، هیچ رێگرییەکی یاسایی نەبێت، بۆ تێکەڵکردنەوە لە جۆری A دەبێت لانیکەم 10 کۆمپانیا پێکەوە ئەو کارە بکەن، بۆ جۆری B دەبێت لانیکەم پێنج کۆمپانیا بن، بڕیاری وەزارەتی بازرگانی بۆ تێکەڵکردنەوەکە وەرگیرابێت، داخستنی سەرجەم هەژمارەکانی بانکیی کۆمپانیاکان و تەنیا هەژمارەکانی کۆمپانیای دایک دوای نوێکردنەوەی بمێنێتەوە، لەگەڵ ژمارەیەک مەرجی دیکە.
رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2023، لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە 29/س/4 نووسراوێکی ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆڕی دراو کرد بۆ ئەوەی خۆگونجاندن لەگەڵ رێنماییەکانی ژمارە 1ـی ساڵی 2022ـی هەموارکراوی تایبەت بە رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی دراو بکەن. لە نووسراوکەدا رۆژی 1ـی ئاداری 2023 دیاریکرابوو بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان خۆیان لەگەڵ هەمواری رێنماییەکانی رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بگونجێنن، بە جۆرێک پێنج کۆمپانیا بکرێن بە یەک.
بەپێی ئامارەکانی رابیتەکە لە عێراق نزیکەی دوو هەزار کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەبوون، لە دوای بڕیاری بانکی ناوەندی بە تێکەڵکردنیان، بەشێکیان تێکەڵکراونەتەوە، نزیکەی 80 کۆمپانیایان بەتەنیا خۆیان تۆمارکردووەتەوە، 140 کۆمپانیاش لە چوارچێوەی جۆرەکانی (A و B) تێکەڵکراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە؛ ئەحمەد جاف دەڵێت، "بەشێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن رۆتین لە تێکەڵکردن و کارە کارگێڕییەکان زۆری پێدەچێت."
لە هەرێمی کوردستان 600 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەن، وەکو ئەو نوێنەرەیان لە رابیتەکە دەڵێت، لە کاتی تۆمارکردن و تێکەڵکردنیان نزیکەی 120 کۆمپانیا دەمێنێتەوە کە مانگانە دەتوانن لە وەرگرتنی 90 ملیۆن دۆلار لە دۆلاری بانکی ناوەندی بە بەهای فەرمی سوودمەند ببن.
بە گوتەی ئەحمەد جاف، تاوەکو ئێستا نزیکەی 300 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق لە چوارچێوەی تێکەڵکردنەوە، تێکەڵکراونەتەوە و کارەکانیان لە کۆتاییدایە، پڕۆسەکەش بەردەوامە.