پەرلەمانتارێکی عێراق: ئەم هەفتەیە دوو مووچەى هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت

13-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکى عێراق دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا وەزارەتى دارایی عێراق پارەى مووچەى دوو مانگى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان بنێرێت. بە گوتەى پەرلەمانتارێکى دیکە، کۆتایی هەفتە راپۆرتى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لەبارەى وردبینیى لیستى مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت.
 
سروە زەنگەنە، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لەم هەفتەیەدا مووچەى دوو مانگى هێزە ئەمینییەکان دەنێردرێت. ئەگەر هەیە بەهۆى رێوڕەسمەکانی مانگى موحەڕەم و تەواوکردنى رێوشوێنەکانی تایبەت بە ناردنى، رۆژى 14ى تەممووز کە دەوامە ئەو پارەیە نەنێردرێت و بکەوێتە رۆژانى دواتر."
 
11ی تەممووز حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای پەیوەندیی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بڕیاردراوە پارەی ئەو دوو مووچەیە بۆ هێزە ئەمنییەکان خەرج بکرێت کە بۆ مانگەکانى ئایار و حوزەیرانە.
 
مووچەی هێزە ئەمنییەکان مانگانە زیاتر لە 345 ملیار دینارە، بەو جۆرەش دەبێت عێراق بۆ ئەو دوو مووچەیە نزیکەی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
هەفتەى رابردوو شاندێکى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق سەردانى هەرێمى کوردستانی کرد بە مەبەستى وردبینیکردن لە لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان. 
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابووری، پیشەسازى و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆتایی ئەم هەفتەیە راپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایی لە بارەى ئەو وردبینییە ئامادە دەبێت کە تایبەت بە لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکانیان بۆ مانگى ئایار هاتبوونە هەرێمی کوردستان.
 
سۆران عومەر گوتى، "ئەو رێوشوێنى وردبینییە لەمەودوا مانگانە بەردەوام دەبێت، ئەوەش وەک جێبەجێکردنى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى".
 
بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵی کە لە 21ـى شوبات دەریکرد، حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەندکردووە بە رێگەدان بە وردبینیکردنى لیستى مووچەخۆران لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە