دیلۆیت: لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا هەرێمی کوردستان بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار نەوتی هەناردە کردووە
رووداو-هەولێر
کۆمپانیای دیلۆیت، کە تایبەتە بە وردبینی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتی خۆی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە؛ کۆی داهاتی هەناردەی نەوت زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بووە، بەڵام کەمتر لە ملیارێک دۆلار وەک داهات بۆ حکومەت ماوەتەوە.
بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13.7.2023، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2023ـدا هەرێمی کوردستان 36 ملیۆن و 723 هەزار و 475 بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە؛ لەو بڕە، 32 ملیۆن و 307 هەزار و 382 بەرمیلی بە بۆری هەناردەکراوە؛ 4 ملیۆن و 39 هەزار و 232 بەرمیل بۆ پاڵاوگەکان تەرخانکراوە و 376 هەزار و 861 بەرمیلیش لە نێوخۆ فرۆشراوە.
دیلۆیت دەڵێت، کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراو دوو ملیار و 199 ملیۆن و 684 هەزار و 396 دۆلار بووە؛ داهاتی نەوتی تەرخانکراو بۆ پاوڵاوگەکان و فرۆشی نێوخۆ 22 ملیۆن و 98 هەزار و 456 دۆلار و داهاتی نەوتی هەناردەکراو بە بۆرییش دوو ملیار و 177 ملیۆن و 585 هەزار و 940 دۆلار بووە.
کۆمپانیای دیلۆیت دەشڵێت، تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە بازاڕەکانی دەرەوە 67.639 دۆلار و لە پاڵاوگەکان و نێوخۆش 58.638 دۆلار بووە.
بەپێی ئامارەکانی دیلۆیت، کۆی خەرجییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا ملیارێک و 253 ملیۆن و 187 هەزار و 254 دۆلار بووە؛ بەو جۆرەش 946 ملیۆن و 497 هەزار و 142 دۆلار وەک داهات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە. بەپێی ئامارەکەی دیلۆیت، 57٪ـی کۆی داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ خەرجییەکان بووە و 43٪ـەکەی دیکەی وەک داهات بۆ حکومەت ماوەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان 39 ملیۆن و 88 هەزار و 710 بەرمیل نەوتی هەناردە کردبوو. بەوەش بەراورد بەو چارەکە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل کەمتر نەوت هەناردەکراوە.
بە گوێرەی دیلۆیت، بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت بەراورد بە چارەکی سێیەم و چوارەمی ساڵی رابردووش کەمبووەتەوە؛ لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2022ـدا هەرێمی کوردستان 38 ملیۆن و 730 هەزار و 175 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە؛ لەو بڕە 35 ملیۆن و 977 هەزار و 571 بەرمیلی هەناردە کراوە.
لە چارەکی چوارەمیشدا 40 ملیۆن و 175 هەزار و 186 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە؛ لەو بڕە 35 ملیۆن و 876 هەزار و 96 بەرمیلی هەناردەکردبوو.
كۆمپانیای دیلۆیت یەکێکە لە گەورە کۆمپانیاکانی جیهان؛ لە كۆتایی ساڵی 2016دا حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ كرد بۆ وردبینی لە داتاكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان.
بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە لە کاتێکدایە، لە 25ی ئادارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لەدوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوێنێ چوارشەممە 12-7-2023 لە وەڵامی زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە لووتکەی ناتۆ لە لیتوانیا رایگەیاند "ئێمە لەبارەی وەرگرتنی نەوتی عێراق هیچ کێشەیەکمان نییە. ئەو کێشەیەی روویداوە لەناوخۆی عێراق لەنێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی باکووری عێراقە".