نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لەماوەی یەک مانگی رابردوودا، هەروەها نرخی نەوت درێژەی دا بە بەرزبوونەوەکانی دوو رۆژی رابردووی.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە، بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا بازرگانانی گەشبین کرد کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا، هەنگاوەکانی خۆی بۆ تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی خاودەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13-7-2023) هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور، 30 سەنت بەرزبووەوە و بە 80 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا، نزیکەی 50 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 76 دۆلار.
 
رۆژی چوارشەممە ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی شەش، بڵاوبوونەوە و تێیدا ئاشکرا بوو؛ هەڵاوسان لە ئاستی ساڵانەدا دابەزیوە بۆ رێژەی 3٪، کە ئەمەش کەمترین ئاستییەتی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا.
 
سەرەڕای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێشتر ئاماژەی بە یەک جاری دیکە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی داوە، بەڵام بازرگانانی نەوت گەشبینن کە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، بەو شێوازە نابێت کە سستی بخاتە نێو ئابووری و، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە سعودیە و رووسیا بەڵینیان داوە پێکەوە رۆژانە یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە قەبارەی خستنەڕووی خۆیان کەمبکەنەوە، ئەوەش پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.
 
نرخی زێڕ ئاستی 1960 دۆلاری تێپەڕاند
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ سەرووی 1960 دۆلار، بەو پێیەش گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا.
 
دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکان، هەروەها ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
برایان لان، سەر بە کۆمپانیای بازرگانی (گۆڵد سیلڤەر سەنتەر) لە سینگافۆر لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی بانکی ناوەندی ئەمریکا فشاری لەسەر نرخی زێڕ دروستکردووە و نرخەکەی نزیکەی 100 دۆلار دابەزاندووە، بەڵام ئامارەکانی هەڵاوسان دەتوانێت کاریگەریی بەرچاو لەسەر سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندیدا دابنێت".
 
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، برایان لان پێیوایە ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، ئەوا ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ لە ئارادایە بۆ ئاستی 1800 دۆلار، بەڵام بەپێچەوانەوە نرخی زێڕ ئەگەری هەیە دووبارە بەرزببێتەوە بۆ سنووری 2000 دۆلار.