بەرهەمی خەیار لە كوردستان ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار دەكات

13-07-2018
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن خەیار
A+ A-

رووداو- هەولێر

بەهۆی زوو پێگەیشتن، بەرهەمی باش و ئەو خواستە زۆرەی لە شارەكانی عێراق لەسەر خەیار هەیە، جووتیارانی كوردستان 90%ی خانووە پلاستیكیەكانیان بەخەیار دەچێنن، زۆربەی بەرهەمەكەشیان هەناردەی شارەكانی عێراق دەكەن، ئەمەش بووەتە دەستكەوتێكی باش بۆ جووتیاران و وای كردووە ساڵ بەساڵ بەرهەمی خەیار لە كوردستان زیاد بكات.


بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كە پشتی بە بەرهەمی هێنراوی جووتیاران لە كێڵگەوە بۆ گومرگەكان بەستووە، لە پێنج ساڵی رابردوودا بەرهەمی خەیار بەڕێژەی 40% زیادی كردووە، لە 61 هەزار و 85 تۆنەوە بووەتە 100 هەزار و 552 تۆن. دوای پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆش، زۆربەی ئەو بەرهەمە هەناردەی شارەكانی عێراق كراوە.

كەمال محەممەد، بەڕێوەبەری خانووی پلاستیكی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە (رووداو)ی گوت: "خەیار یەكێكە لەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی زوو پێدەگات و چاندنیشی لەنێو خانووی پلاستیكی زۆر سەركەوتووە و 10 بەرامبەری چاندن بەشێوەی كراوە بەرهەم دەدات. لە وەرزی پێگەیشتنیش لە شارەكانی عێراق خواستێكی زۆری لەسەرە، بۆیە لە وەرزەكانی بەهار و هاوین و پایز جووتیاران 90%ی خانووە پلاستیكییەكانیان بەخەیار دەچێنن".

بەگوتەی كەمال محەممەد، بەرهەمی خەیار زۆر لەو بڕە زیاترە كە لە ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵدا تۆمار دەكرێت، چونكە بەشێكی زۆر لە جووتیاران راستەخۆ بەرهەمەكانیان هەر لەسەر كێڵگە بە بازرگانانی عەرەب و دووكاندار و دەستگێڕەكان دەفرۆشنەوە.

ئەو نموونە بە بەرهەمی ساڵی رابردووی خانووە پلاستیكییەكانی شاری سلێمانی دەهێنێتەوە و دەڵێت: "لە سلێمانی نزیكەی 12 هەزار و 66 خانووی پلاستیكی هەن، ساڵانە 90%یان بەخەیار دەچێندرێن. هەر خانووێكیش بەگوێرەی خزمەت  8 تاوەكو 12 تۆن خەیار بەرهەم دەدات، بۆیە دەتوانین بڵێین ساڵی رابردوو تەنیا لە سلێمانی زیاتر لە 100 هەزار تۆن خەیار بەرهەم هاتووە، ئەمە لەكاتێكدایە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و هەڵەبجەش بەشێوەی داخراو و كراوە و بڕێكی باش خەیار دەچێندرێ، بۆیە پێشبینی دەكەین بەرهەمی ساڵی رابردوو 150 هەزار تۆنی تێپەڕاندبێت".

بەپێی توێژینەوەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، تێچووی بەرهەمهێنانی یەك كیلۆ خەیار لە خانووی پلاستیكی نزیكەی 240 تاوەكو 250 دینار لەسەر جووتیار دەكەوێ، بۆیە بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، ئەمساڵ وەزارەتی كشتوكاڵ رەسمی سەر هاوردەكردنی كیلۆیەك خەیاری لە 250 دینارەوە بۆ 350 زیاد كرد، ئەم هەنگاوەش وایكرد بەرهەمی هاوردە بەڕێژەی كەمتر لە جاران بێت و نرخیش هاوسەنگ بێت.   

كۆمپانیای سۆفی گرین هاوس، بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی سەوزە لە نزیك ناحیەی شەمامكی پارێزگای هەولێر، نزیكەی 440 خانووی بەخەیار چاندووە، رۆژانە نزیكەی 60 تۆن خەیار بەرهەمی هەیە.

لاوەند ئیبراهیم سۆفی، بەڕێوەبەری پرۆژەی سۆفی گرین هاوس دەڵێت :"ساڵانی رابردوو بەهۆی هاوردەكردنی خەیار بەقاچاخ و كەمی ئەو رەسمەی حكومەت لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەم دەیخستە سەر هاوردە، گرفتی بەبازاڕكردنمان هەبوو زەرەری زۆرمان دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زیادكردنی رەسمی گومرگ و كەمی چاندنی خەیار لەشارەكانی عێراق بەهۆی گرفتی كەمئاوی، گرفتی بەبازاڕكردنمان نەماوە و قازانجمان كردووە".

نرخی كیلۆیەك خەیاری باش ئێستا لەبازاڕ و گومركان نزیكەی 450 تاوەكو 500 دینار بۆ جووتیار دەكات، ئەمە لەكاتێكدا لەساڵی رابردوو لەم كاتە نرخەكەی لەنێوان 250 تاوەكو 300 دینار دابوو، تەنانەت ماوەیەك نرخی كیلۆیەك بۆ 80 تاوەكو 100 دینار دابەزی.

لاوەند، دەڵێت :"دابەزینی نرخی خەیار زیاتر لەمانگی حوزەیرانە، چونكە لەو كاتەدا بەرهەمی خەیاری كراوە دەست پێدەكات،  بەڵام ئەمساڵ زۆربەی ئەو جووتیارانەی پێشتر بەشێوەی كراوە خەیاریان دەچاند لەبڕی خەیار شووتیان چاندووە، جگە لەوەش حكومەت ئەمساڵ تاڕادەیەك باشتر جاران سنوورەكانی كۆنترۆڵ كردو رەسمی گومرگی زیادكرد، هەموو ئەمانەش وایكرد نرخی خەیار لە بازاڕەكانی كوردستان زۆر دانەبەزێت، بۆیە دەتوانم بڵێم لە پێنج ساڵی رابردوو هیچ ساڵێك وەك ئەمساڵ خەیار پارەی نەكردووە".

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، زیاتر 17 هەزار خانووی پلاستیكی لە كوردستان هەن. كە 12هەزار و 66 خانوویان لە سنووری پارێزگای سلێمانین. هەر بۆیە ئەم پارێزگایە لەڕووی بەرهەمهێنانی خەیار لە پێشەوەیە.

مەلا كامیل داود، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی گەشەپێدانی خانووی پلاستیكی لەپارێزگای سلێمانی، دەڵێت :"لەبەر ئەوەی خەیار یەكێكە لەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی زوو پێدەگات و تەنیا 35 رۆژی پێویستە، هەروەها بەرهەمێكی باش دەدات و لەبازاڕیش خواستی لەسەرە، بۆیە 90%ی خانووە پلاستیكییەكانی سلێمانی بەتایبەت لە بەهار و هاویندا خەیاریان تێدا دەچێندرێ‌".

مەلا كامیل داود هەروەها گوتی "چاندنی خەیار لەژێر خانووی پلاستیكی لە پارێزگای سلێمانی بەگشتی و ناوچەی بازیان بەتایبەت شێوازی بازرگانی وەرگرتووە، ساڵانە زیاتر لە 6 هەزار خانووی پلاستیكی لەبازیان دەكرێنە خەیار".  

مەلا كامیل 20 خانووی پلاستیكی لە بازیان هەیە، بۆیە لەنزیكەوە ئاگاداری كاروباری جووتیارانە و دەڵێت :"زۆربەی جووتیاران شارەزاییەكی باشیان لە بەرهەمهێنانی خەیاردا پەیداكردووە، ئەگەر خەیارەكانیان تووشی نەخۆشی نەبێ لەهەر خانووێك 8 تاوەكو 12 تۆن بەرهەمیان دەستدەكەوێت، بۆیە گرفتیان لەبەرهەمهێنان نییە، بەڵام زۆرجار بەهۆی گرفتی رێگای نێوان سلێمانی شارەكانی عێراق و هاوردەكردنی بەرهەمی ئێرانی بەقاچاخ،  نرخ دادەبەزێت و تووشی گرفتی ساغكردنەوەی بەرهەم دەبن".

بە گوتەی مەلا كامیل زۆربەی ئەو جووتیارانەی ساڵی رابردوو خەیاریان چاندبوو، زەرەریان كردبوو، چونكە كیلۆیەك خەیاریان بە 80 دینار دەفرۆشت، لە كاتێكدا تێچووی چاندنی یەك كیلۆ خەیار 300 دینار بوو. بەڵام ئەمساڵ زۆربەی جووتیاران لە چاندنی خەیاردا قازانجیان كردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە