رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، پابەندن بە کەمکردنەوەى خۆیستانەى بەرهەمهێنانى نەوت، ئەو زیادەیەى ئەمساڵیش بەرهەمهێندراوە، تاوەکو ئەیلوولی 2025 قەرەبووى دەکەنەوە.
ئەو روونکردنەوەیە وەک وەزارەتى نەوت ئاماژەى پێداوە، لە دواى خەمڵاندنێکى لاوەکى بووە لەبارەى زیادبوونى ئەو پشکەى عێراق لە بەرهەمهێنانى نەوت، کە لە رێککەوتنى راگەیاندنى هاوکاریى (DoC) بڕیاری لێدراوە. بە گوێرەی خەمڵاندنەکە؛ عێراق لە مانگى ئایاردا 203 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتری بەرهەمهێناوە.
وەزارەتى نەوتى عێراق دەڵێت "بەهەموو شێوەیەک پەیوەستین بە پابەندبوونەکانمان بەو رێککەوتنە و کەمکردنەوە خۆویستەکانى بەرهەمهێنانى نەوت و قەرەبووکردنەوەى هەر زیادبوونێک لە بەرهەمهێنان، کە لە سەرەتاى ئەمساڵەوە روویدابێت."
تاوەکو ئێستا کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) ئامارى هەناردەى نەوتى بۆ مانگى ئایارى رابردوو بڵاونەکردووەتەوە.
سۆران عەمەر، ئەندامى لیژنەى ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "جگە لە هەناردەى نەوت، عێراق زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانى نێوخۆ بەرهەمدەهێنێت، ئەو کەمکردنەوەى بڕى بەرهەمهێنانى نەوتە، کێشە بۆ بودجەى 2024 دروست دەکات، ئەگەر نرخى نەوت دابەزێت."
لە خشتەى بودجەدا، داهاتى نەوت بە 120 تریلیۆن دینار دیاریکراوە، بە نرخى 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، پێویستە رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت بۆ پڕکردنەوەى پارەى بودجەکە، کە نزیکەى 211 تریلیۆن دینارە.
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاندووە "بەگوێرەى رێککەوتنەکە، پابەندن بەوەى چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنن بۆ مانگەکانى حوزەیران و تەممووز و مانگەکانى دیکە، ئەوە جگە لە قەرەبووکردنەوەى زیادەى بەرهەمهێنانى نەوتى سەرەتاى ئەمساڵ لە ماوەى قەرەبووکردنەوەکەدا، کە تاوەکو مانگى ئەیلوولی 2025، دەخایێنێت."
سۆران عومەر گوتى "ئەو زیادە نەوتەى عێراق بەرهەمیهێناوە لەمساڵدا، دەبێت قەرەبووى بکاتەوە و، روونکردنەوەکە گومانێکى تێدایە لەسەر بڕى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوت بۆ هەناردەکردنى."
ئێستا وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس تێکڕا 5.86 ملیۆن بەرمیل کەمتر لە توانای خۆیان لە بازاڕ، دەخەنەڕوو.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 2ـی ئەم مانگەدا، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رایگەیاند لە 5.86 ملیۆن بەرمیل کەمکردنەوەکان لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە، 2.2 ملیۆن بەرمیلی لەسەرخۆ ناهێڵن. بۆ ئەو مەبەستەش پشکی هەر وڵاتێکی لە بەرهەمهێنانی نەوت بەرزکردووەتەوە.
بەپێی رێککەوتنەکە، عێراق لە 3 مانگی کۆتایی ئەمساڵدا دەتوانێت 55 هەزار بەرمیل نەوت بە بەرهەمهێنانی رێگەپێدراوی خۆی زیاد بکات، کە ئێستا رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیلە.
رێککەوتنەکەی سەرەتای ئەم مانگە، رێگە بە عێراق دەدات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ رۆژانە 4.222 ملیۆن بەرمیل بەرزبکاتەوە.
بەڵام کێشەی عێراق ئەوەیە لە 5 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر بووە لە رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل کە پشکێکە بۆی دانراوە.
بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، هەرچەندە پشکی وڵاتان لە بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە زیادکراوە، بەڵام ئەو وڵاتانەی لە چەند مانگی رابردوودا پابەندی رێککەوتنەکان نەبوون و زیادەی بەرهەمهێنانی نەوتیان هەبووە، دەبێت قەرەبووی زیادەی بەرهەمهێنانی خۆیان لە مانگەکانی داهاتوودا بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ