رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی گەیشتنی ئەو 400 ملیار دینارەیە کە بەغدا رەزامەندی لەسەر ناردنی داوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ئەمڕۆ سێشەممە، 13-06-2023، دەست رووداو کەوتوون، دوای ئەوەی ئەو 400 ملیار دینارەی بەغدا دەگاتە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی لە داهاتی نێوخۆ بۆ مووچە دانراوە، وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات.
رۆژی 11-06-2023 سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندی دا بە ناردنی 400 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکە نەنێردراوە.
رۆژی 14-05-2023، دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەستیپێکرد و رۆژی 31ـی هەمان مانگ بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە کۆتاییهات.
رۆژی 9ـی ئایاری 2023، حکومەتی عێراق 400 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان، ئەوەش بۆ پێدانی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. هەر هەمان رۆژ، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، حکومەت بڕیاری داوە بە ناردنی 400 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان.
بۆ مووچەی مانگێک 940 ملیار دینار پێویستە؛ بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران، 940 ملیار دینار پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ