عێراق و میسر 11 یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆدەکەن


رووداو دیجیتاڵ

عێراق و میسر 11 یاداشتی لێکتێگەیشتن لە چەند بوارێکدا واژۆ دەکەن، ئەوەش لە چوارچێوەی نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات کە لە ساڵی 2021 دەستیپێکرد، کاتێک سەرۆکی ئەو کاتی میسر بەشداری لە لووتکەی بەغدا کرد.

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی میسر رۆژی سێشەممە، 13.6.2023، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، 11 یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ عێراق واژۆکردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە دوێنێ دووشەممە بە سەردانێک گەیشتە قاهیرەی پایتەختی ئەو وڵاتە.
 
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی میسر وردەکاریی یاداشتەکانی بڵاونەکردووەتەوە. 
 
لە دیارترین ئەو یاداشتانەی واژۆ کراون، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنە لە نێوان وەزارەتەکانی بازرگانیی عێراق و میسر بۆ هاریکاری تەکنیکی بە ئامانجی ئەوەی عێراق ببێتە ئەندامی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی؛ هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بواری پڕۆژەی مامناوەند و بچووک لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق و فەرمانگەی گەشەپێدانی پڕۆژە مامناوەند و بچووکەکانی میسر بۆ گەشەی ئابووری؛ هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق و وەزارەتی گەشتوگوزاری میسر بۆ برەودان بە کەرتی گەشتیاریی عێراق واژۆکراوە.
 
لە میانی دیدارەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مستەفا مەدبوولی، سەرۆکوەزیرانی میسر، مەدبوولی تیشکی خستە سەر خواستی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ بەشداربوون لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە تێچووەکەی بە 88 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی رایگەیاند، "عێراق لە دۆخێکی سەقامگیردایە و رۆڵی پێشەنگی خۆی لە ناوچەکەدا بەدەستهێناوەتەوە". سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەت رێبازێکی چاکسازیی ئابووری دەگرێتەبەر"، جەختیشیکردەوە لەسەر "پێویستیی جێبەجێکردنی یاداشتە لێکتێگەیشتنە واژۆکراوەکان".
 
سەرۆکوەزیرانی میسریش رایگەیاند، کۆمپانیا میسرییەکان ئامادە دەبن بۆ ئەوەی رۆڵ لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق بگێڕن؛ هاوکات ستایشی بودجە گەورەکەی عێراقیشی کرد کە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هاوئاهەنگی لەگەڵ میسر دەبێت.
 
ئەو سەرۆکوەزیرانە ئاماژەی بەوەشکرد، کۆڕبەندی بازرگانیی ئابووری لەنێوان کۆمپانیا میسری و عێراقییەکان بۆ برەودان بە هاوئاهەنگیی نێوانیان لە کەرتی تایبەتدا بەڕێوەدەچێت.