گەڕی پێنجەمی تەواوکاری و شەشەم عێراق یەک ملیۆن بەرمیل نەوت زیاد دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی ئەو نەوت و گازەی ئاشکرا دەکات کە بەهۆی گەڕی پێنجەمی تەواوکاری و شەشەمەوە دەخرێتە سەر بەرهەمی عێراق و رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمی رۆژانە زیاد دەبێت.
باسم تاهیر عەبد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گرێبەست و گەڕی مۆڵەتەکانی پترۆڵ لە وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ئاژانسی فەرمیی عێراق(واع)ـی گوتووە: "هەردوو گەڕی مۆڵەتەکان پێنجەمی تەواوکاری و شەشەم، تەواوکەری گەڕی مۆڵەتەکانی پێشووی یەک تاوەکو پێنجە، هەندێک لە پڕۆژەکان لە گەڕی پێنجەم رەوانە نەکران و لە پاشکۆی گەڕی پێنجەمی تەواوکاری زیادکران کە ژمارەیەک کێڵگەی نەوت و گازن."
باسم تاهیر عەبد ئاشکرای کرد، ئەو بڕە نەوت و گازەی لە گەڕی مۆڵەتەکانی پێنجەمی تەواوکاری و شەشەم یەدەگی نەوتیی عێراق زیاد دەکەن، 3 هەزار و 450 مەقمەق لە گاز و زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە سەرۆکوەزیرانی عێراق رایسپاردوون بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی پاشکۆی هەردوو گەڕی مۆڵەتەکانی پێنجەم و شەشەم.
بە گوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی نەوت، عێراق دەیەوێت لە رێگەی گرێبەستەکانەوە یەدەگی نەوت و گاز و بەرهەمهێنانیان زیاد بکات.
حکومەتی عێراق لە ماوەی سێ رۆژدا مۆڵەتی بەرهەمهێنانی لە 29 کێڵگەی نەوت و گاز دایە کۆمپانیاکان.
ئەمە یەکەم جارە لە دوای ساڵی 2018، عێراق گەڕێکی دیکە لە گرێبەستە نەوتی و گازییەکانی رادەگەیێنێت.
لە رۆژی یەکەمی راگەیاندنی گرێبەستەکاندا، کۆمپانیا چینییەکان 5 بلۆکیان پێبەخشرا و، کۆمپانیای کارگرووپ کە کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستانە، دوو گرێبەستی پێبەخشرا. لە سێیەم رۆژیشدا وەک تەنیا کۆمپانیای عێراقی و نێوخۆیی، مۆڵەتی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی خلێسیەی بردەوە، کە دەکەوێتە نێوان سنووری پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار.