حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025ـی پەسند کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024  و 2025ـی پەسند کرد. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-03-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024  و 2025 پەسند کرا و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
 
رۆژی 12ـى ئادارى 2023، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، وەزارەتەکەى رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023ـى ئامادەکردووە و رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقی کردووە بۆ تاوتوێکردن و دواتر دەنگدان لەسەری.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـى ئادار، زیا ناسرى، راوێژکارى راگەیاندنى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو پڕۆژەیاسایەى ئەمڕۆ پەسەند کرا بۆ ماوەى سێ ساڵە هاوشێوەى هەندێک وڵاتى دیکە کە بودجەکانیان لە سێ بۆ پێنج ساڵ پەسند دەکەن، بەڵام لە چوارچێوەى یەک پڕۆژەیاسادایە.
 
بە گوتەی ئەو راوێژکارە، محەممەد شیاع سوودانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا قەبارەی بودجەکە رادەگەیێنێت.
 
ساڵى 2022 عێراق پڕۆژەیاسای بودجەى پەسند نەکرد و کارى بە سیستمى خەرجکردنى یەک لەسەر 12ـى بودجەى خەرجکراوى ساڵى 2021 کرد.