رێباز حەملان: 400 ملیار دینارەکە بۆ مووچە تەرخان دەکرێت

13-03-2023
پەیمان محەممەد
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو 400 ملیار دینارەی کە لە بەغداوە خراوەتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پارەکە بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان دەکرێت."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 13-03-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە چوارچێوەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ بڕی 400 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان."
 
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات لەو بارەوە رایگەیاند، ئەم بڕیارە لە مانگی 11 و 12ی ساڵی رابردوو دراوە، بەڵام دواتر لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق راگیرا و پارەکە نەهات بۆ هەرێمی کوردستان.
 
رێباز حەملان گوتی، دوای راگرتنی پارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بڕیاری دادگەی فیدراڵیشی بەسەردا هات، ''بۆیە حکومەتی عێراق چارەسەری یاسایی دۆزییەوە کە تووشی بەریەککەوتن نەبێت لەگەڵ بڕیاری دادگە و لەسەر ئەم بڕیارەی خۆشی سوور بێت کە پێشتر داویێتی. 
 
رۆژی 25-01-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە کە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار کرابوون.
 
بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، "پێچەوانەى" یاسای بودجەى 2021 و یاسای بەڕێوەبردنى دارایی ساڵى 2019 بوون، کە ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان پێویستى بە پاکتاوى دارایی پەیوەست بە داهاتى نەوت و نانەوتیى هەرێمى کوردستان هەیە و ئەنجوومەنى وەزیران نابێت بڕیارێک دەربکات، کە قورسایی ئابوورى بخاتە سەر خەزێنەى دەوڵەت بە پێچەوانەى یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنى دارایی.
 
رێباز حەملان گوتی: "ئەم بڕە پارەیە بە نێوی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە و قەرزەکەش لەسەر بودجەی ساڵی 2023، لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیاسایەی کە ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و دەنێردرێتە پەرلەمان و بڕیاریشە لە مانگی نیسان دەنگی پێبدرێت، هەژمار کراوە." 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-03-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024  و 2025 پەسند کرا و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
 
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، ''لەم بەشەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، کە 12.67٪ی بودجەی گشتیی عێراقە، ئێمە هیوادارین شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەوکات مەسەلەی قەرزی 400 ملیار دینارەکەش لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا دەبێت.''
 
رێباز حەملان دەشڵێت، ئەو دەستکەوتە و پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە تەنیا بە قسە ناکرێت و دەبێت لایەنە سیاسییەکان پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ کوتلە بەهێزەکانی سوننە و شیعە لە پەرلەمان بەکاربهێنن، بۆ ئەوەی ئەم بەشە لە پڕۆژەیاسا کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، بە باشی تێپەڕێت و کێشەی بۆ دروست نەکرێت. 
 
لەبارەی قۆناخی دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، رێباز حەملان پێیوایە، هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها پارتی و یەکێتی وەکو دوو لایەنی سەرەکی، "گرنگە" لەم بابەتەدا یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی بتوانن گوشارێکی زۆر بخەنەسەر حکومەتی عێراق کە دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمان، بودجەکەش جێبەجێ بکرێت.
 
رێباز حەملان جەختی لەوەش کردەوە، وردەکارییەکانی پڕۆژەیاساکە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە، جووتیاران و مووچەخۆرانیشە.
 
لەبارەی داهات و داهاتووی هەرێمی کوردستانیش، رێباز حەملان دەڵێت، هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئێستا لە قۆناخێکی گەشەسەندووی ئابووری دایە و "سەرۆکوەزیران و ستافی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگرییەکی زۆریان لە چاکسازی  کردووە و خەرجییەکی زۆریان لە کۆمپانیاکانی نەوت و دامودەزگاکانی حکومەتیشدا کەمکردووەتەوە و جگە لەوەش پەرەپێدانێکی گەورە بە ژێرخانی ئابووری لە هەموو بوارەکان کراوە." 
 
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، گەورەترین کێشە لە هەرێمی کوردستان بەرکارنەبوونی سیستمی بانکییە، ''بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە لە رووی سیستمی بانکییەوە خۆی رێکبخاتەوە و کار بە پارەی کاش نەکات." هەروەها ناجێگیریی بەهای دۆلار و کارکردن بە پارەی کاش بە هۆکاری دواکەوتنی جارجارەی مووچەی مووچەخۆران دەزانێت.
 
رێباز حەمڵان "دڵنیایی دەدات بە هاونیشتمانییان کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەر داهاتێکی نەوتی و نانەوتی لە عێراقەوە دەستبکەوێت، پێشینە بۆ مووچەیە." 
 
سەبارەت بە خەرجکردنی 400 ملیار دینارەکەش، رێباز حەملان گوتی: "پارەکە بۆ مووچە تەرخان دەکرێت و بۆ هیچ بابەتێکی دیکە بەکارنایەت." گوتیشی: "مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت."  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە