رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ئیلام دەڵێت، کەرتی وزەی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان دوو هەزار و 100 هەلی کاری رەخساندووە؛ جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت بایەخی زیاتر بەو کەرتە بدرێت بۆئەوەی هەلی کاری زیاتر بڕەخسێندرێن و پارێزگاکەش لە زۆر بواردا ببووژێتەوە.
حەسەن بەهرام نیا، پارێزگاری ئیلام لە کۆبوونەوەی رۆژی 12.03.2023ـی ئەنجوومەنی وزەی ئەو پارێزگایەدا گوتی: "11٪ـی گاز و 6٪ـی نەوتی ئێران لە پارێزگای ئیلامدایە" و ئەمەش دەرفەتێکی گەورەی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پارێزگایە رەخساندووە."
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە پارێزگای ئیلام بەرهەم دێت.
95٪ـی نەوت و گازی رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆژئاوای ئێران لە پارێزگای ئیلامدایە، بەڵام ناوەندی بەڕێوەبەری و وەرگرتنی باج لە نەوت و گاز لە پارێزگای کرماشانە.
بەرپرسانی پارێزگای ئیلام چەندین ساڵە لە هەوڵدان ناوەندی بەڕێوەبەریی نەوت و گاز و باجەکان بۆ ئیلام بگوازرێتەوە یان ناوەندی بەڕێوەبەریی تایبەت بە پارێزگەکەیان هەبێت و دەڵێن، لەو رێگەیەوە ئەو پارێزگایە داهاتی زیاتری وزەی دەستدەکەوێت. ئەوەش بووەتە هۆی ناکۆکیی نێوان پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان.
سارا فەلاحی، نوێنەری ئیلام رۆژی 27.08.2022 گوتی: "لە هیچ شوێنێکی جیهاندا شتی وەها نییە کە خەڵک لە سامانە سرووشتییەکەی خۆی بێبەش بێت. لە هەموو شوێنێکی جیهاندا خەڵکی ئەو ناوچەیە لە پێش دەبن کەوا سامانە سرووشتییەکەی هەیە. کاتێک هێندە نەوت و گازت هەبێت، بۆچی نابێت لە بەشی بەڕێوەبردنییدا سودمەند بیت؟"
ساڵی 2014 پەرلەمانی ئێران یاسایەکی دەرکرد کە دەبێت 3٪ لە داهاتی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز بەو پارێزگایە بدرێت کە تێیدا چالاکن؛ 1٪ـی بۆ قەرەبووکردنەوەی پیسکردنی ژینگە و 2٪یشی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانە ئابوورییەکانی پارێزگەکە.
سارا فەلاحی دەڵێت: "پارێزگای ئێمە و پارێزگاکانی دیکەی سەرچاوەی وزەش، ئەگەرچی سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی وڵاتن، لەو داهاتە بێبەشن و لە بواری پەرەپێدانیشدا دوایین پارێزگاکانن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ