روسنێفت پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا ئاسایی دەكاتەوە؟

13-03-2018
بیلال سەعید
نیشانەکردن رۆسنەفت کەرکووک عێراق
A+ A-

رووداو - شرۆڤە

گرێبەستێكی كۆمپانیای روسنێفتی رووسی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەڵوێستەكانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا كە لە بارەی گشتپرسییەكەی باشووری كوردستان گوتبووی "رێز لە خواستی كورد دەگرین"، ساردیی خستە پەیوەندییەكانی نێوان رووسیا و عێراق، بەڵام پەیامەكانی ئەمدواییەی وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان دەكەن.

ناوەڕاستی ساڵی رابردوو كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند گرێبەستێكی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیای روسنێفت ئاشكرا كرد، سەرەتای دابەشكارییەكی نوێ لە پرۆسەی نەوتی كوردستان لەنێوان ئەمریكا و توركیا و رووسیا دەركەوت.

لە 18ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو كۆمپانیای روسنێفت بڵاوی كردەوە كە پشكەكانی لە رێككەوتننامەی هاوبەشی وەبەرهێنان لە بواری وزە لەگەڵ هەرێمی كوردستان 80% دەبێت. بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ هەریەك لە پێنج بلۆكی نەوت لە 40 ملیۆن دۆلارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 110 ملیۆن دۆلار. جگە لەوە كۆمپانیای روسنێفت ئێستا خاوەنی 60%ی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە. كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە بەرهەمهێنان لە ساڵی 2018دا دەستپێدەكات و لە حاڵەتی سەركەوتنیدا گەشەی زیاتر بە كارەكانیان دەدەن و قەبارەی وەبەرهێنانیان لە كوردستان بۆ 3.5 ملیار دۆلار بەرز دەكەنەوە.

جگە لە روسنێفت، كۆمپانیای گازپرۆمی رووسی لە سێ بلۆكی نەوتی هەڵەبجە، شاكەل و گەرمیان كار دەكات كە لە بلۆكی گەرمیان گەیشتووەتە قۆناغی بەرهەمهێنان. ئێستا رۆژانە 5000 بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێ.

گرێبەستەكەی نێوان روسنێفت و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرزوو لە نێوخۆ بەرەوڕووی رەخنە بووەوە، گوایە گرێبەستێكی شەفاف نییە، عێراقیش لەدژی گرێبەستەكە هاتە دەنگ. وەزارەتی نەوتی عێراق لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، گوشارەكانیان لەسەر هەرێمی كوردستان و روسنێفت زیاد كرد و داوای روونكردنەوەیان لە كۆمپانیا رووسییەكە كرد. رۆژی 22ی تشرینی یەكەم، وەزیری نەوتی عێراق عەبدولجەبار لعێبی رایگەیاند "روسنێفت روونیكردەوە كە گرێبەستەكانیان سەرەتاییە و جێبەجێ‌ نەكراون".

حكومەتی عێراق لەدوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرەوە هەناردەكردنی نەوتی كەركووكی لەڕێگەی بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە راگرتووە، بۆیە بۆ هەر هەنگاوێك بۆ رەوانەكردنەوەی نەوتی كوردستان، عێراق لەوە تێگەیشتووە كە خزمەتی رێككەوتنێك دەكات پێشتر لە نێوان كوردستان و روسنێفت واژۆ كراوە.

كۆتایی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، مەهدی عەللاق، ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەغدا پابەندی گرێبەستەكانی روسنێفت لەگەڵ هەرێمی كوردستان نابێت و كۆمپانیای روسنێفت خۆی خستووەتە كێشەیەكی گەورەوە. لە وەڵامی ئەو لێدوانەدا ئیگۆر سێچین، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای روسنێفتی رووسی رایگەیاند "بۆچی نابێت روسنێفت لە هەرێمی كوردستان كار بكات؟ لەكاتێكدا زۆربەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی وەكو: شێڤرۆن، ئێكسۆن مۆبیل و تۆتاڵ لەوێ كاردەكەن".

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر عێراق بڕیاری داوە رێوشوێنی جیاواز بەرامبەر دۆسیەی نەوتی كەركووك بگرێتە بەر بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی رێككەوتنەكەی روسنێفت و هەرێمی كوردستان، یەكێك لەو رێوشوێنانە كاركردن بووە بۆ راكێشانی بۆڕیی نەوتی كەركووك –كرماشان. رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بە تەنكەر بۆ ئێران، رێككەوتنی پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك لەلایەن كۆمپانیای (BP)ی بەریتانی، دوورخستنەوەی كۆمپانیای كار لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك، بەڵام جگە لە رەوانەكردنی نەوت بە تەنكەر بۆ ئێران (بە رێژەیەكی سنووردار) و دوورخستنەوەی كۆمپانیای كار لە نەوتی كەركووك، رێككەوتن و بەڵێنەكانی دیكە جارێ‌ هەر قسەن.
رۆژی 26ی شوباتی ئەمساڵ حەمید حوسێنی، سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران–عێراق رایگەیاند "بەهۆی هەندێك بابەتی پەیوەست بە بارودۆخی ئەمنی، ئێران ناتوانێت رێككەوتنی هەناردەی نەوتی كەركووك بە تەنكەر بۆ ئێران جێبەجێ بكات".

حكومەتی عێراق دوای شكستهێنانی لەهەموو هەوڵەكانی بۆ بە بازاڕكردنی نەوتی كەركووك، ئێستا كەوتووەتە دانوستاندن لەگەڵ كۆمپانیای روسنێفت كە خاوەنی 60%ی بۆڕیی نەوتی كوردستانە، هەروەها ئاماژە بۆ رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر نەوتی كەركووك دەكرێت.

دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندینجار داوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركووكی لەڕێگەی بۆریی نەوتی كوردستان، بۆ حكومەتی عێراق كردووە، بەڵام عێراق بەخەیاڵی هەنگاوێكی جیاواز داواكارییەكانی پشتگوێ دەخست.

وەزیری نەوتی عێراق، لە 28ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە كۆبوونەوەی لەگەڵ دیدیر كاسمیرۆ، جێگر و بەڕێوەبەری ناوچەیی كۆمپانیای روسنێفت رایگەیاندووە وەزارەتەكەی ئامادەیە بە رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەست بكەنەوە بە هەناردەكردنی نەوتی خاو لەڕێگای بۆڕی كەركوك- جەیهان، هیچ لارییەكیان نییە لەوەی ئەگەر كۆمپانیای روسنێفت بواری كاركردنی خۆی فراوانتر بكات لە سەرجەم كێڵگەكانی نەوتی كەركووك، ئەوەش دوای هاوئاهەنگی و رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای بریتش پیترۆڵییەمی بەریتانی.

بەپێی لێدوانەكانی حكومەتی عێراق، دەرگای گفتوگۆیەكی نوێ لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق كراوەتەوە كە بەدڵنیاییەوە ئەگەر بەشێكی پەیوەندی بە هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقەوە هەبێت، ئەوا بەشێكی دیكەی پەیوەندی بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی كۆمپانیای روسنێفت و بۆتاشی توركییەوە هەیە كە خاوەن پشكی سەرەكین لە بۆڕیی نەوتی كوردستان- توركیا لەناو خاكی كوردستان و توركیا.  

پێشتر میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو، حكومەتی عێراق هاوكاریی كۆمپانیا نەوتییەكانی رووسیا دەكات لە چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە بەهۆی رێكارە توندەكانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی كوردستان، سەریانهەڵداوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیازی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركووكی كردووە لەڕێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستان- توركیا، بەو مەرجەی عێراق كرێی بۆرییەكە بدات كە بۆ هەر بەرمیلێك سێ‌ دۆلارە، بەڵام عێراق مەرجی رێككەوتنی پەیوەست كردووە بە رادەستكردنی كێڵگەی نەوتی خورمەڵە، لەكاتێكدا ئەو كێڵگە نەوتییە نزیكەی یەك لەسەر سێی هەناردەی نەوتی كوردستان پێكدەهێنێت، جگە لەوەش پەرەپێدانی ئەو كێڵگەیە هی پێش ساڵی 2014یە، لەكاتی رادەستكردنی بە هەرێمی كوردستان توانای نزیكەی 10 هەزار بەرمیل نەوتی هەبووە، بەڵام ئێستا توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 110 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.

كاریگەری روسنێفت لەسەر رێككەوتنی عێراق و كوردستان

بەدەر لەهەموو چاوەڕوانییەكان، پەیوەندییەكانی عێراق و رووسیا زۆر بەخێرایی بەرەو پێش دەچن. نزیكبوونەوەی رووسیا و عێراق لە یەكدی دەكرێت بڵێین سوپرایزێكی سیاسی و ئابووری گەورەیە بۆ ئەمریكا و تەنانەت وڵاتانی دراوسێی عێراق، بە تایبەتی دوای گەیشتنی یەكەم وەجبەی تانكی (T90)ی رووسی بۆ عێراق، بۆ جێگرتنەوەی ئەبرامزەكانی ئەمریكا، هەروەها نیەتی عێراق بۆ كڕینی سیستمی دژە مووشەكی (S400) لە رووسیا و ئامادەكاری بۆ سەردانی بەڕێوەبەری روسنێفت بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ عەبادی.

بۆیە دەكرێت بڵێین نزیكبوونەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەشی سەرەكی پەیوەندی بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی عێراق و رووسیا، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی عێراق و توركیاوە هەیە، چونكە هەردووكیان بەرژەوەندی ئابووریی گەورەیان لە كەرتی نەوتی كوردستاندا هەیە، جگە لەوەی رووسیا دەیەوێت لەیەك كاتدا ببێتە خاوەنی پشكی نەوت و چەك و ئاسایشی عێراق.
بەڵام ئایا بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتی كەركووك چی بكرێت؟

1- دۆسیەی نەوتی خورمەڵە و كەركووك جیاوازن، نابێت خورمەڵە بخرێتە نێو دانوستاندنەوە، چونكە بە دەستبەرداربوون لە خورمەڵە، گوشارەكانی عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان زیاتر دەبن.

2- هەر رێككەوتنێك لەسەر دۆسیەی نەوتی كەركووك، پێویستە بە ئاگاداری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بێت. هەروەها حكومەتی عێراق ناچار بكرێ‌ وەكو هەرێمی كوردستان پارەی پترۆدۆلاری كەركووك بدات.

3- كار بۆ ئەوە بكرێ‌، ژمارەی فەرمانبەرانی كورد لە نەوتی كەركووك هاوتا بكرێ‌ لەگەڵ نەتەوە و كەمینەكانی دیكە.

4- هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای روسنێفت هەیە بەتایبەت لە بۆڕی كوردستان، بۆیە دەكرێت هەوڵەكانی بۆ وەرگرتنی زۆرترین قازانج لەڕێگەی رووسیا و كۆمپانیای روسنێفتەوە بێت.

5- لەبەرچاوگرتنی كرێی گواستنەوەی نەوتی كەركووك بۆ توركیا لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، خاڵێكی گرنگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی توركیا و عێراق، بەڵام پێویستە كرێی پاراستن و ئەمنیەتی ئەو بۆرییە كە بەناو خاكی كوردستاندا تێپەڕ دەبێت، لەبەرچاو بگیرێت و كوردستان داوای پشكی خۆی بكات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە