نرخی نەوت کەمێک دابەزی؛ بازرگانان چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانن لە ئەمریکا

13-02-2024
نیشانەکردن نرخی نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەدەکرێت و، بەراورد بە رۆژانی رابردوو گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی؛ ئەگەری بە بەرزیی هێشتنەوەی رێژەی سوودی بانکیی ئەمریکاش، لە کاریگەرییەکانی پێشهاتە جیۆسیاسییەکانی کەمکردووەتەوە لەسەر نرخی نەوت.
 
ئەمڕۆ، ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی کانوونی دووەم لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە، ئەوەش بەشێوازێکی بەرفراوان کاریگەری دەکاتە سەر بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی.
 
نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ (سێشەممە، 13-2-2024) چەند سەنتێک دابەزی و بەرمیلێکی بە 81 دۆلار و 99 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە هەمان شێوە دابەزی بۆ 76 دۆلار و 93 سەنت.
 
هەفتەی رابردوو بەهۆی گرژییەکان و شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نرخی نەوت بەڕێژەی 6٪ بەرزببووەوە.
 
رۆژی دووشەممەش نرخی نەوت هێندە گۆڕانکاری بەخۆیەوە نەبینی، بەوپێیەی بازرگانان چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانن لە ئەمریکا.
 
گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵام ئەگەری بە بەرزیی هێشتنەوەی رێژەی سوودی بانکیی ئەمریکا لە کاریگەریی پێشهاتە جیۆسیاسییەکانی کەمکردووەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا/لقی نیویۆرک پشبینییەکانی بۆ هەڵاوسان بۆ مانگی کانوونی دووەم بڵاوکردەوە، کە گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە و بەڕێژەی 3٪ پێشبینیکراوە، ئەمەش دوورە لە ئامانجی بانکی ناوەندی، کە 2٪ ـە. 
 
مانەوەی هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرزدا نیگەرانی دروستکردووە بەوەی بەمزووانە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرەوە کەمکردنەوەی سوودی بانکی، هەنگاونانێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، پێشبینی دەکرێت قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە بڕی 2.6 ملیۆن بەرمیل زیادیکردبێت، ئەمەش هێمایەکە بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت لە ئەمریکا، کە بەهەمان شێوە دەتوانێت نرخەکان بەرەو دابەزین هانبدات.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە