لە سلێمانی نرخی بەنزین دابەزی

13-02-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

ئامادەکردنی: رێبوار عەلی و نازەنین گۆران

رووداو دیجیتاڵ 
 
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێـمانی رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ لە کاژێر 4ی ئێوارەوە بەنزین لە هەردوو جۆری موحەسەن و نۆرماڵ هەرزان بوو و هۆکارەکەشی بۆ کەمی خواست و بەردەوامی دابەشکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت دەگەڕێنێتەوە. 
 
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: ئێستا خستنەڕووی بەنزینی بازرگانی لە پارێزگای سلێمانی زیاترە لە خواست و بەو هۆیەوە بڕیارماندا ئەمڕۆ نرخی بەنزین لە جۆری نۆڕماڵ 50 دینار و لە جۆری موحەسەنیش 25 کەمبکەینەوە. نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە 1025 دینارەوە دادەبەزێت بۆ 975 و نرخی بەنزینی موحەسەنیش لە 1200 دینارەوە دادەبەزێت بۆ 1175 دینار. 
 
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی راشیدەگەیێنێت، "لە ماوەی رابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، نرخی بەنزینیش بەرزدەبووەوە، ئێستا کە نرخی دۆلار لە دابەزینە و دابەشکردنی بەنزینیش بەنرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت لە هەردوو جۆری 690 دیناری و 800 دیناری بەردەوامە، ئەمانە کاریگەرییان هەبووە لەسەر دابەزینی نرخی بەنزینی بازرگانی و نرخەکەش ئێستا روو لە دابەزینە."
 
لەبارەی کوالێتی بەنزینی بازرگانی گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دڵنیایی دەدات لەوەی ئەم هەرزان بوونەی نرخی بەنزین "کاریگەریی لەسەر کوالێتییەکەی نابێت." 
 
ئەحمەد جەلال، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دهۆک نرخی بەنزینی نۆرماڵ 70 بۆ 80 دینار دابەزیوە، بەڵام بەنزینەکانی دیکە هەروەک خۆیەتی؛ ئێستا نۆرماڵ بە 890، موحەسەن 1090 و سوپەر بە 1345 دینارە. 
 
رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند، هاوکات رۆژی 2ی ئەم مانگە بۆ یەکەمجار بەهای 100 دۆلار 175 هەزار دیناری تێپەڕاند، بەڵام دوای ئەوەی 7ی شوبات بانکی ناوەندیی عێراق بڕیدا دۆلار بە نرخی نوێ بفرۆشێت ئەویش 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بوو، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی کە زیاتر لە 165 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا گەیشتە دەوروبەری 150 هەزار دینار. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە