گەشتیار لە کاتی سەردانکردنی ئێران، لوبنان و سووریا دۆلاری بە 132 هەزار دینار پێ نافرۆشرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دۆسییەی بانکەکان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هیچ گەشتیارێکی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی ئێران، لوبنان و سووریا ناتوانێت دۆلار بە 132 هەزار دینار وەربگرێت.
وەک رێکارێک بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیارداوە بۆ هەرگەشتیارێک 7 هەزار دۆلار بە 132 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار دابینبکات و بڕیارەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام چەند رێکار و مەرجێک بۆ گەشتیاران دانراوە.
رۆژی دووشەممە 13-2-2023، نەرمین مەعرووف، بەرپرسی دۆسییەی بانکەکان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێدانی دۆلار بە گەشتیاران وڵاتانی ئێران، لوبنان و سووریا ناگرێتەوە، ئەوەش بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئەو وڵاتانە."
ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەخوێنن و داوایانکردووە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق بەوانیش بدرێت، بەڵام نەرمین مەعرووف دەڵێت: "بەداخەوە خوێندکارانیش ناگرێتەوە کە لە ئێرانن."
نەرمین مەعرووف گوتیشی، ئەو کەسانەی دەتوانن دۆلار بە 132 هەزار وەربگرن، دەبێت تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵ بێت بۆ ئەوەی وەک هەلقۆستنەوە منداڵ بەکارنەهێندرێت و دۆلارەکەش بۆ کاری دیکە سوودی لێ وەرنەگیرێت.
نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشێکی فڕۆکەخانەکانی عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی فرۆشتنی دۆلار نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ لەبارەی هۆکارەکەشییەوە گوتی: "رێکارە کارگێڕییەکانیان تەواونەبوون و لە چەند رۆژی داهاتوودا لە سلێمانیش دەستپێدەکات."
بەرپرسی دۆسییەی بانکەکان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد کە ئەو کەسەی گەشتیارە و سەردان دەکات دەبێت لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بچێت و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە دەرەوەی وڵات دەژین و دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و عێراق و دواتر دەگەڕێنەوە دەرەوە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەم مەرجانە پێویستن بۆ وەرگرتنی 7 هەزار دۆلار بە نرخی 132 هەزار بۆ گەشتیاران:
- پاسپۆرت
- تیکت
- تەواوکردنی بۆردینگ
- سهرووی 18 ساڵ بێت
- ههر گهشتیارێك یهكجار له مانگێكدا سوود لهم بڕیاره وهربگرێت