لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە پێنج مەرج دۆلار بە گەشتیاران دەفرۆشرێت

رووداو  دیجیتاڵ

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێنج مەرجی هەیە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە هەمان نرخی بانکی ناوەندی بەو گەشتیارانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن. بڕیارەکەش ئەمڕۆ دراوە.
 
لە راگەیەندراوێکدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەمڕۆ (دووشەممە، 13-2-2023) رایگەیاند  "لەمڕۆوە بڕیاردرا به‌ فرۆشتنی دۆلار لە نوسینگەی ‌(RT)ـی بانكی فڕۆكه‌خانه‌ به‌ هه‌مان نرخی بانكی ناوه‌ندی. کە 7000 دۆلارە بۆ هه‌ر گه‌شتیارێك".
 
پێنج مەرجەکەش وەک لە راگەیەندراوەکەی فڕۆکەخانەدا بڵاوکراوەتەوە ئەمانەن:
 
١- هەبوونی پاسەپۆرت
٢-هەبوونی تیکت
٣- تەواوکردنی بۆردینگ
٤- گه‌شتیار پێویستە سه‌رووی ١٨ ساڵ بێت
٥- هه‌ر گه‌شتیارێك بۆی هه‌یه‌ ته‌نیا یه‌كجار له‌ مانگێكدا سوود له‌م بڕیاره‌ وه‌ربگرێت. 
 
هەر بەپێی ئەو راگەیەندراوە "بەپێی بڕیاری بانکی ناوەندی، گه‌شتیار له‌ كاتی گه‌شتكردن بۆ: ئێران، سووریا، لوبنان و كۆریای باكوور سوودمه‌ند نابێت له‌م بڕیاره‌".
 
ئەمڕۆ ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە رووداوی راگەیاندبوو "بانکی ناوەندیی عێراق رەزامەندی بە بانک داوە لەمڕۆوە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بە گەشتیاران بفرۆشێت".