مانگێکە بەغدا پارەی بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەناردووە؛ کەی دەینێریت؟

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر دوایین بڕە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە بەغدا ناردبێتی. بەرپرسێک لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەوڵ بۆ ناردنی پارە دەستیپێکردووە.
 
حکومەتی عێراق بایی 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی کڕیوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ 270 ملیاری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسێک لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەنگاوەکان بۆ خەرجیکردنی پارەی جووتیاران دەستیان پێکردووە و پێشبینی دەکەین کۆتایی ئەم هەفتەیە یان هەفتەی دهاتوو بەغدا پارە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بنێرێت".
 
ئەو پارەیەی تاوەکو ئەمڕۆ نێردراوە زیاتر لە 115 ملیار دیناری بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە 80 ملیار بۆ پارێزگای هەولێر و زیاتر لە 75 ملیاریشی بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆک بووە.
 
تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر 300 ملیار دیناری جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق ماوە، کە زۆرینەیان پارەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، پاشان و هەولێر و دهۆکە.
 
دوایین بڕە پارە 10-10-2024 بڕیاری خەرجکردنی درا، کە 45 ملیار دینار بوو، 20 ملیاری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 15 ملیاری بۆ هەولێر و 10 ملیاریشی بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆک بوو.
 
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ی تەممووز بوو.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.