تی بی ئای: رۆژانە 50 گەشتیار دۆلار بە نرخی فەرمی وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی تی بی ئای دەڵێت: رۆژانە لە هەرێمی کوردستان 50 گەشتیار دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن و رێژەیەکی دیاریکراویشمان بۆ حاڵەتە تایبەتەکان داناوە.
سەرچاوەیەک لە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە بانکی ناوەندی، ئێستا رۆژانە لە هەرێمی کوردستان دۆلار بە نرخی فەرمی بە 50 گەشتیار دەدەین، لە هەولێر 25 گەشتیار و سلێمانیش 25."
"بێجگە لە ژمارە فەرمییەکە، رۆژانە رەچاوی حاڵەتە تایبەتەکانی وەکو نەخۆشیی دەکەین، کە لە رۆژێکدا حاڵەتێک تاوەکو 5 حاڵەتی تایبەت دەتوانن لەلامان دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن، بەڵام بەو مەرجەی بەڵگەنامەی تەواویان بۆ سەلماندنی حاڵەتەکەیان پێبێت."
بانکی عێراقی بۆ بازرگانی گلەیی ئەوە دەکات "رۆژانە کەسانێک بە ناوی گەشتیارییەوە دێن بۆ وەرگرتنی دۆلار، کە تیکیتی تورکیایان بڕیوە، گەشت بۆ ئەنقەرە دەکەن و رۆژێک دەمێننەوە، دواتر بە پاس دەگەڕێنەوە، هەموو ئەوانەش تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو 3000 دۆلارە بکڕن و بڕێک دیناریان بۆ بمێنێتەوە."
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی، "قسەیان لەگەڵ بانکی ناوەندی کردووە بۆ ئەوەی ژمارەی سوودمەندبووانی دۆلار بە نرخی فەرمیی زیاد بکەن، ئەوانیش بەڵێنیان پێداون لە داهاتوودا ژمارەکە بۆ سەروو 50 کەس بەرز دەکەنەوە."
ئەمە لەکاتێکدایە، لە 27ـی تشرینی یەکەم، هەمان سەرچاوە لە تی بی ئای بە رووداوی گوت، "بەگوێرەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی لە هەرێمی کوردستان، رۆژانە 30 کەس دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی وەربگرن."
رۆژی 27ـی مانگی رابردوو، تی بی ئای، بە فەرمیی کردنەوەی دەروازەکانی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بانکەکە، گەشتیار دەبێت تیکت، ڤیزا، کارتی زانیاری و نیشتمانیی پێشکێش بکات، لەگەڵ بڕی سێ ملیۆن و 960 دینار، ئەمە جگە لە 250 هەزار دینار، کە وەک کرێی بانکی و پسووڵە لێی وەردەگیرێت، دواتر گەشتیار سێ هەزار دۆلار لە فڕۆکەخانە وەردەگرێت.
دیارترین مەرجەکانی پێدانی دۆلار لەلایەن TBI:
- سەردانیکردنی یەکێک لە لقەکانی TBI.
- پێویستە کەسەکە گەشتیار بێت و 18 ساڵی تەواو کردبێت.
- وڵاتینامەی عێراقی، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، ڤیزە و تیکتی فڕۆکەی پێبێت.
- تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە لە فڕۆکەخانە گەشت دەکەن.
- نابێت گەشتیار گەشتەکەی بۆ ئەو وڵاتانە بێت کە لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادان، لەوانە ئێران، رووسیا، سووریا و لوبنان.