نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی یەک مانگی رابردوو دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی ماوەی یەک مانگی رابردووی دابەزی، سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەشێکی هۆکارەکەیە.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 12-11-2024) یەک ئۆنسە زێڕ بە نزیکەی 2620 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا دابەزی، کە هەر ئۆنسەیەکی 60 دۆلار دابەزینی تۆمارکرد و گەیشتە 2613 دۆلار.
بازرگانان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا گەشبینین، بەو هۆیەشەوە وەبەرهێنەران روویان لە کڕینی پشکەکان کردووە و دوورکەوتوونەتەوە لەو سامانەی لەکاتی تەنگانە دا وەبەرهێنانی تێدادەکەن، کە زێڕە.
هەروەها بەهای دۆلاری ئەمریکی بۆ بەرزترین ئاستی 4 مانگی رابردووی بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهەمان شێوە کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر دابەزینی بەهای زێڕ.
تیم واتێرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "زێڕ، خۆی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەدەستەوە داوە و سەرکەوتنی ترەمپ ئەگەری گەڕانەوەی هەڵاوسانی زیادکردووە، ئەوەش کاریگەری دەکاتە سەر روانگەی بانکی ناوەندی ئەمریکا سەبارەت بە سیاسەتی نەختی بانکەکە."
بازرگانانی زێڕ ئێستا چاویان لە ئامارە ئابوورییەکانی مانگی 10ـی ئەمریکایە؛ لەو چوارچێوەیەدا سبەی (چوارشەممە) ئاماری نرخەکانی بەکاربەر و پێنجشەممەش ئاماری بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاودەبنەوە.
ئامارەکان بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن، بەوپێیەی دەتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختی ئەمریکا دروستبکەن.