خالید شوانی: هیچ ئاماژەیەکمان پێنەگەیشتووە کە بەغدا 320 ملیارەکە بنێرێت

12-11-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ خالید شوانی
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ خالید شوانی
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق 320 مليار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری هەولێر و بەغدا رایدەگەیێنێت، سەرەڕای پەسندکردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، مافی هەرێمی کوردستانە بەغدا پارەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەم بنێرێت. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکیان پێنەگەیشتووە کە بەغدا 320 ملیارەکە بنێرێت. 
 
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری هەولێر و بەغدا لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەبارەی پەسندکردنی یاساکە لە پەرلەمانی عێراق بەبێ پەرلەمانتارانی کورد رایگەیاند، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق وا نیشانی شەقامی عەرەبی دەدەن کە سەرچاوەی هەموو کێشەکانیان هەرێمی کوردستانە، لەکاتێکدا "ئەو بڕە پارەیەی دێت بۆ هەرێمی کوردستان زۆر کەمترە لەوەی دەچێت بۆ بەغدا و پارێزگاکانی باشوور". 
 
پەیڕەوکردنی ئەو جۆرە لە سیاسەت و هەوڵدان بۆ سەپاندنی زۆرینە بە گوتەی خالید شوانی، خزمەتی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق ناکات. 
 
لەبارەی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاساکە، خالید شوانی باسی لەوە کرد، بەو پێیەی حکومەت نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات، هەوڵەکانی بە ئاراستەی ئەوەیە کە شایستە داراییەکانی مووچەخۆران دابین بکات، "هەر میکانیزمێکیش ئەو مافانە بۆ مووچەخۆران دەستەبەر بکات، ئێمە پەنا دەبەینەبەری.. ئەوەش لەچوارچێوەی بنەما دەستوورییەکان".
 
تیمێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنن بۆ یاساکە، خالید شوانی دەڵێت، کەی هەڵسەنگاندنیان تەواو بوو و کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان کرا، کە هێشتا کاتەکەی دیاری نەکراوە، دواتر هەڵسەنگاندنێک دەکەن "کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت". 

 

 
خالید شوانی باسی لە کۆبوونەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد کرد، گوتی ئەو پێی گوتوون هەوڵدەدات ئەو یاسایە بەبێ کورد پەسند نەکرێت، "بەڵام دواتر بەبێ کورد پەسندکرا و تێپەڕێندرا". 
 
بە گوتەی خالید شوانی، یاساکە چەند "خەلەلێکی" تێدایە، کە یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لە یاساکەدا هاتووە کە دەبێت هەموو داهاتی خاڵە سنوورییەکان بگەڕێتەوە، بەڵام بەپێی یاسای دارایی دەبێت 50% بێت. ئەوەش "سەرپێچییەکی ئاشکرای یاسایە". گوتیشی دەکرێت ئەو بڕگەیە بۆ گفتوگۆ دانرابێت. 
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری هەولێر و بەغدا لەبارەی ئەو پرسیارەی ئایا هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی دەروازە سنوورییەکانی رادەستی بەغدا کردووە، گوتی، "تاوەکو ئێستا ئەوەنەی من ئاگادار بم دەبێت رادەستکرابێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی نیشانداوە رادەستی بکات".
 
خالید شوانی راشیگەیاند، ئێستا لە قۆناخی هەڵسەنگاندنی ئەو یاسایەن، جەختیشیان لەسەر ئەوەیە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزین. لەبارەی هەڵوێستی عێراق، بەشێکی زۆر لە لایەنە شیعەکان، مستەفا کازمی بە سەرۆکی خۆیان نازانن، بۆیە "ئەوە وەکو لێدان لە حکومەتی مستەفا کازمی دادەنێن". چونکە بە گوتەی ئەو، مستەفا کازمی نەیدەویست یاساکە بەبێ کورد تێبپەڕێندرێت. 
 
گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەستکاریکردنی لەو رێگایانەن کە لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یاساکە. 
 
خالید شوانی لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی مووچە لەدوای راگرتنی 320 ملیار دینارەکە کە بەپێی ئەو یاسایە رادەگیرێت، گوتی، دەبێت پرسیار لە وەزیری دارایی و ئابووری بکرێت.
 
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوو مانگی داهاتوو مەترسی لەسەر 320 ملیارەکە نییە، خالید شوانی گوتی، هیچ ئاماژەیەکیان لەوبارەیەوە لە عێراقەوە پێنەگەیشتووە، "ئەوان قەرزاری ئێمەن، پێدانی 320 ملیارەکەش بۆ مانگی 10 و 11 مافی هەرێمی کوردستانە.. بەڵام قورسە بیڵێم و هیچ ئاماژەیەکمان پێنەگەیشتووە". 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە