بەهای زێڕ بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ رۆژی هەینی بەڕێژەی 1٪ بەرزبووەوە، دوای ئەوەی ئاماری نوێی هەڵاوسان لە ئەمریکا بڵاوبووەوە و دووبارە ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوندیی ئەمریکا بەڕێژەی 0.5٪ی هێناوەتە ئاراوە.
 
یەک ئۆنسە زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بەڕێژەی 1.1٪ بەرزبووەوە و بە 2656 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژ هەینی ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی کۆفرۆشی لە ئەمریکا لە مانگی 9 بڵاوبوونەوە. بەپێی ئەو ئامارانە نرخەکانی کۆفرۆشی لە مانگی 9 بەڕێژەی 1.8٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە کە کەمتر بووە لە رێژەی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە مانگی 8 دا.
 
ئەوەش بەپێی شرۆڤەکاران کاریگەری لەسەر روانگەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت سەبارەت بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی.
 
کریستین بۆرجۆن، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی ئێف ئێکس ستریت دەڵێت: "ئەگەر هاتوو نرخی زێڕ، ئەم هەفتەیە ئاستی 2670 دۆلار بشکێنێت بە ئەگەری زۆرەوە دەتوانێت بگاتەوە بەرزترین ئاستی خۆی کە 2685 دۆلارە."